هونەر و كلتوور, عێراق

پێشانگای کاڵا ئێرانییەکان لە هەولێر کرایەوە

لە پێشانگاکەدا ٦٠ کۆمپانیای ئێرانی لە بوارە جیاجیاکانی خواردەمەنی، کەلوپەلی ناوماڵ، بیناسازی و ئامێرەکان بەشدارن و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت لە ١٦ بۆ ١٩ی حوزەیران.

Hawkar Yaseen  | 16.06.2021 - نوێکردنەوە : 17.06.2021
پێشانگای کاڵا ئێرانییەکان لە هەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر AA

پێشانگای کاڵا ئێرانییەکان لە هەولێر لە ناوەندی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان بە بەشداری ٦٠ کۆمپانیای ئێرانی لە بوارە جیاجیاکانی خواردەمەنی، کەلوپەلی ناوماڵ، بیناسازی و ئامێرەکان کرایەوە.

پێشانگاکە چوار رۆژ بەردەوام دەبێت لە ١٦ بۆ ١٩ی حوزەیران و بڕیارە ئەمساڵ شەش پێشانگای دیکەش لە هەولێر بکرێتەوە.

بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، سۆران قادر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە پێشانگای کەلوپەلەکانی ئێران ٦٠ کۆمپانیا بەشدارن کە تەواوی کەلوپەلەکانیان ئێرانییە، ئێمە زۆر خۆشحاڵین بە کردنەوەی ئەم پێشانگایە کە بەڕاستی زۆر پێویستمان بەوە پێشانگای کەرەستە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و کارگە و کۆمپانیا ئێرانییەکان روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، خەڵکی کوردستانیش زیاتر ئاشنابن بە کەلوپەلە ئێرانییەکان".

گوتیشی: "لە پێشانگاکەدا تەنیا یەک کۆمپانیای خۆماڵی هەیە ئەویش کەرەستەکانی هی خۆی نییە و لە دوبەی هاوردەیان دەکات، ئێمە هەمیشە گلەیی ئەوەمان کردووە و گلەیی ئەوەمان لە کۆمپانیا خۆماڵییەکان هەیە کە بەشدارنابن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان، ئێمە پێمان خۆشە کۆمپانیا خۆماڵییەکان بەشداربن لەگەڵمان بۆئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بیان ناسێت".

سۆڕان قادر دەربارەی کەرەستەکانی ناو پێشانگاکەش گوتی: "ئەو کۆمپانیایانەی بەشداریان کردووە کە نزیکی ٦٠ کۆمپانیایە لە هەموو بوارێکدان، زۆرترین بوار کە بەشداریان کردووە کۆمپانیاکانی فەرشی ئێرانین هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵکی کوردستان زۆر حەزیان لە فەرش و مافووری ئێرانییە، بەڵام جگە لەوە بواری جیاجیای دیکەش تیایدا بەشدارن و خەڵک سەردانیان بکات بە چاوی خۆیان دەیبینن".

بەڕیوەبەری پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی هەولێر دەربارەی پلانی پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی ئەمساڵ رایگەیاند "ئێمە تاوەکو کۆتایی ساڵ، شەش گرێبەستی دیکەمان ئەنجامداوە و تاوەکو کۆتایی ساڵ، پێشانگاکانمان بەردەوام دەبێت، بەهیواین بتوانین زۆرترین کۆمپانیا بەشداربن لەو شەش پێشانگایەی هەیە، خەڵکێکی زیاتریش هەبوو دەیانویست پێشانگا بکەینەوە، بەڵام ئەو دەرفەتەی هەبوو تاوەکو کۆتایی ساڵ هەر ئەوەندەیە و دەتوانین ئەو ژمارە پێشانگایە بکەینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın