پەروەردەیی, عێراق

پێشانگای زانستی لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف بەڕێوەچوو

بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری قوتابییان و پەرەپێدانی پڕۆژە زانستییەکان، قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف پێشانگایەکی زانستی ئەنجامدا و تیاییدا قوتابییان بە پڕۆژەی بەرز و جیاوازەوە بەشدارییان تیاییدا کرد.

Heman Hussein Yaseen  | 18.04.2024 - نوێکردنەوە : 21.04.2024
پێشانگای زانستی لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف بەڕێوەچوو

Arbil

هەولێر - AA

بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان لە قوتابخانەی نیودەوڵەتی مەعاریف، پێشانگایەکی زانستی بەڕێوەچوو کە تیاییدا قوتابییان لە قۆناغە جیاوازەکان بە داهێنانی نوێیەوە بەشداریان تیادا کرد و پێشانگاکە لە چەندین بەشی جیاوازە پێکهاتبوو، وەک بەشەکانی هونەر، بایۆلۆجی، پزیشکی، وزە، کشتوکاڵ و چەندین بواری دیکە.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف لە هەولێر، ئیدریس کارائاسڵان ئاماژەی بە گرنگی پێشانگاکەدا و جەختی لەوەکردەوە کە لەم پێشانگایەدا چەندین پڕۆژەی نوێ نمایش دەکرێن.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف لە هەولێر، ئیدریس کارائاسڵان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەک دەزانن لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە قوتابخانەکانی مەعاریف کراونەتەوە، ساڵانە پێشانگای زانستی دەکەینەوە بۆ قوتابییان، ئەمساڵیش لە بەغدا و کەرکووک کراونەتەوە و ئەمڕۆ لە هەولێر کردوومانەتەوە، هیوادارین بتوانین خزمەت بە ئاستی بەرزکردنەوەی قوتابییان بکەین".

کارائاسڵان گوتیشی: "لەم پێشانگایەدا، ١١٥ قوتابی تیاییدا بەشدارن و ٤٥ پڕۆژەی نوێ لەلایەن قوتابییانەوە دەخرێنە ڕوو، بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزی ئاستی هۆشیاری و زانستی قوتابییانەوە هەیە، ئێمە دەمانەوێت قوتابییەکانمان لەبواری بیرکاری و تەکنەلۆژیادا بەشێوەیەکی زانستی پێبگەن و، ئەوانیش خەریکی پڕۆژەن لەو بوارەدا،هەروەها ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی قوتابییەکانە بۆ ئەوەی پڕۆژەی نوێ بەرهەم بهێنن کە سوودیان هەبێت بۆ کۆمەڵگا".

لە پێشانگاکەدا، قوتابییان بەشێوە جیاوازەکان بەشداربوون و، یەکێک لەوانەش بەشی هونەر بوو لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف کە بەشداربووان لە ڕێگای ڕەنگ و ئاو، تابلۆی جیاوازیان دروست دەکرد و دواتر تابلۆکە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە هەڵدەواسرا بۆ ئەوەی سەردانیکاران بیبینن و ئەمەش دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شوێنەکە بەخشیبوو.

قوتابی قۆناغی حەفتەم، ڕەحمە سەنگەر لەبارەی بەشداریکردنییان لە پێشانگاکەدا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بە بەشی هونەری بەشدارین، لێرە چەند دڵۆپێکی ڕەنگ جیاواز لە مەرەکەب و ئاو تێکەڵ دەکەین، پاشان لەناو ئاوەکە هەوڵی نەخشاندنی وێنەیەک یان ئاماژەیەک دەکەین و دواتر کاغەزێک لەسەر ئاوەکە دادەنێین و سەیر دەکەین وێنە دڵخوازەکە لەسەر کاغەزەکە چاپ بووە و پاشان لە شوێنێک دایدەنێین تا ووشک دەبێتەوە".

یەکێکی دیکە لەو بەشانەی کە قوتابییان بەشداریان تیادا کردبوو، بەشی بایۆلۆجی و کیمیایی بوو، هەر بۆیە نمایش و پشکنینە کیمیایی و بایۆلۆجییەکانییان لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە ئەنجام دەدا.

قوتابی قۆناغی دەیەم، نیسانور دێیر لەبارەی بەشداریکردنییان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم پێشانگایەدا پێویست بوو هەموومان پڕۆژەی نوێمان هەبێت، بۆیە ئێمەش لە ڕووی کیمیایی و بایۆلۆجییەوە کار لەسەر هەندێک لەو ڕووداوانە دەکەین کە ڕۆژانە ڕوودەدەن، وەک پەستانی خوێن، شەکر لە خوێندا، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە تەندروستی مرۆڤەوە هەیە، ئەوانە بۆ ئێمە ئەزموونێکە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێ وەربگرین".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن