پیاوێک لە هەڵەبجە ماوەی نیو سەدەیە کەلوپەلی کۆن و دانسقە کۆدەکاتەوە
تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم، ماوەی پەنجا ساڵ دەبێت خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن و گرانبەهایە و چەندین شتی جۆراوجۆری وەک چەک، پارە، کەلوپەلەکانی ناوماڵ و دامەزراوەکانی سەردەمی کۆنی کۆکردووەتەوە و لە خانوویەکدا لە شێوەی مۆزەخانە پاراستوویەتی.

Arbil
هەولێر - AA
پیاوێک لە هەڵەبجە مۆزەخانەیەکی کولتووری هەیە و چەندین کەلوپەلی کۆن و دانسقەی تێدا پاراستووە و بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە.
تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم، ماوەی پەنجا ساڵ دەبێت خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن و گرانبەهایە و چەندین شتی جۆراوجۆری وەک چەک، پارە، کەلوپەلەکانی ناوماڵ و دامەزراوەکانی سەردەمی کۆنی کۆکردووەتەوە و لە خانوویەکدا لە شێوەی مۆزەخانە پاراستوویەتی.
لەبارەی دەستپێکی کارەکەی، تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم گوتی: "لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٣ بە مەبەستی کارکردن چوومە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ بووم، دەستم بە پیشەی کرێکاری کرد و هاوکات ئەو شتانەم کۆ دەکردەوە کە ئەودەم خەریکی لەناوچوون بوون و ڕێگاپێدراوبوون، لەگەڵ ئەوانەشدا پاکەتە جۆراوجۆرەکانی جگەرەم کۆدەکردەوە و لە شوێنێکدا هەڵمدەگرتن بۆ ئەوەی بتوانم زۆرترین کەلوپەلی کۆن کۆبکەمەوە و لە ئایندە بیانپارێزم".
تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٧٩ کاتێک ئێمەیان گواستەوە بۆ کۆمەڵگای زۆرەملێ، زیاتر خواستم لەسەر کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن هەبوو هەروەها بەردەوام بووم تا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دواتر دەستم بە کۆکردنەوەی جۆرەکانی چەک کرد، کە ئێستا چل جۆری چەکم لە مۆزەخانەکەمدا نمایشکردووە کە مێژووی جۆراوجۆریان هەیە وەک چەکی جۆری ڕەشاش کە ڕووسیا دروستی کردووە و تەمەنی سەد ساڵ دەبێت، هەروەها چەندین جۆری خەنجەر و شمشێریش لە پاڵ ئەواندا نمایشکراون".
خانووەکەی تاهیر عەلی لەسەر ڕووبەڕێکی فراوان دروستکراوە و کردوویەتی بە مۆزەخانە، لە هۆڵێکی گەورەی مۆزەخانەکەدا، نزیکەی چل چەکی جۆراوجۆر، چەندین شمشێر و خەنجەر، تەسبیح و تەلەفۆن، سوراخی و پەرداخی مس، ڕایەخ و جلوبەرگی ناوچەیی، هەڵواسراون، هاوکات ئامێرێکی پەیوەندییکردن (تەلەفۆن) هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٢ ئەوکاتەی یەکەمجار تەلەفۆن گەیشتە هەڵەبجە.
لە گۆشەیەکی مۆزەخانەکەدا، دیزاینێکی هاوشێوەی خانووەکانی هەورامان بە دار دروستکراوە و ئەمەش سیمایەکی جوان و کولتووری بە مۆزەخانەکە بەخشیووە و بووەتە بەشێک لە سەرنجی سەردانیکاران.
تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم گوتیشی: "هەموو شتێک لە مۆزەخانەکەمدا هەیە، هیچ شتێک نەماوە کە خۆزگەی بۆ بخوازم هەمبێت، هەموویان گوزارشت لە سەردەم و مێژوویەکی جیاواز دەکەن و، کۆمەڵێک بیرەوەری خۆش و ناخۆش دەگێڕنەوە".
شوێنی مۆزەخانەکە بەراورد بە سامانەکەی زۆر بچووکە، بۆیە تاھیر عەلی عەبدولڕەحیم داوا دەکات کە شوێنێکی فراوانتری بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرجەم کەلوپەلەکان لە ھۆڵێکی گەورەدا نمایش بکات چونکە بەگوتەی ئەو، بەھۆی زۆری کەلوپەلەکانییانەوە بەشێکی زۆری لە شوێنێکی دیکەدا ھەڵگرتووە و لەم مۆزەخانەیەی ئێستا جێگایان نابێتەوە.