جيهان, ژيان, عێراق

پشتێنەی سەوزاییی هەولێر جێبەجێ دەکرێت

- بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، هێمن سەید موراد: "پشتێنەی سەوزایی بە هەشت قۆناغ بە چوار دەوری هەولێر دروستی دەکرێت بە پانی دوو کیلۆمەتر، هەروەها بازنەی ناوخۆیی درێژییەکەی ٨٢ کیلۆمەترە و بازنەی دەرەکییەکەی درێژییەکەی ٩٢ کیلۆمەترە".

Heman Hussein Yaseen  | 12.08.2025 - نوێکردنەوە : 12.08.2025
پشتێنەی سەوزاییی هەولێر جێبەجێ دەکرێت

Arbil

هەولێر - AA

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی شاری هەولێر، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بڕیاریشە بە هەشت قۆناغ تەواوی پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت و بەمەش لە ڕووی ڕێژەی سەوزاییەوە، هەولێر دەگاتە ئاستی ستانداردی جیهانیی.

پشتێنەی سەوزایی ھێڵێکە بە دەوری شاردا دەسووڕێتەوە و، وێڕای پاککردنەوەی هەوای ناوچەکە، هاوکات ڕێگری لە زیادکردنی شار دا دەکات و وا دەکات لە پشتی ئەو پشتێنە سەوزاییەدا پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت.

پڕۆژەکە بە پانیی دوو کیلۆمەتر و بە درێژایی ٩٢ کیلۆمەتر بە چواردەوری شاری هەولێر دا دەسووڕێتەوە و بە درێژایی ئەم مەودایە دار زەیتوون و دار فستق دەچێنرێت و چەند پۆندێکیش لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا دروست دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، هێمن سەید موراد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، جارێکی دیکە ماستەرپلانی شاری هەولێر هەموارکرایەوە، پێداگرییەکان لەسەر ئەوە بوون کە ئەو شوێنانەی کە سەوزایی و پشتێنەی سەوزایین، ئەوا پارێزراوبن، بۆیە پشتێنەی سەوزایی بە پارێزراوی ماوەتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا حکوومەتی هەرێم دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە".

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، هێمن سەید موراد گوتیشی: "بۆ قۆناغی یەکەم ئەو زەوییەی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە، ڕووبەری دوو هەزار و ٨٠٠ دۆنمە و درێژدەبێتەوە تا ١٢ هەزار و ٦٠٠ دۆنم وەکو زۆنی یەکەم، هەروەها بۆ پڕۆژەکە دوو جۆر دار پێشنیازکراوە وەک زەیتوون و فستق، هاوکات بە تێکڕای ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە ١٠ پۆند دروست دەکرێت وەکو سەرچاوەی ئاو سوودیان لێ وەردەگیرێت، ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی ژینگەییەوە کاریگەریی زۆر ئەرێنی هەیە و دەبێتە فلتەرێک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شاری هەولیر لە هەمانکاتدا وەک کەرتی ئابووری و کشتوکاڵیی سوودی زۆری دەبێت".

لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ڕووبەری تەرخانکراو بۆ هەشت قۆناغی پڕۆژەکە، هێمن سەید موراد گوتی: "پشتێنەی سەوزایی بە هەشت قۆناغ بە چوار دەوری هەولێر دروستی دەکرێت بە پانی دوو کیلۆمەتر، هەروەها بازنەی ناوخۆیی درێژییەکەی ٨٢ کیلۆمەترە و بازنەی دەرەکییەکەی درێژییەکەی ٩٢ کیلۆمەترە، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لەم پڕۆژانەی خواستی جیهانیی لەسەرە بە تایبەت لەبارەی کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا لەسەر ناوچەکە، هەروەها پێشبینی دەکەین ڕێژەی سەوزایی لە ڕووی ستانداردی جیهانییەوە هەولێر دەپەڕێنێتەوە قۆناغێکی دیکەی باشتر".

پشتێنەی سەوزایی ھەولێر پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە، بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری ھەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی ١٥٠ مەتری، پانی پشتێنەکە دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەی ٩٢ کیلۆمەترە، هەروەها بە درێژایی پڕۆژەکە ١٠ پۆند دروست دەکرێت، ئامانج لە پڕۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاو و ھەوا، هاوکات پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی و وەبەرھێنان و نیشتەجێبوون بەکارنەهێندرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن