سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
پرۆفیسۆرێکی بواری جیۆلۆجی رایدەگەیەنێت ئەو بوومەلەرزەیەی لە عەنتاب لە تورکیا و باکووری سووریا روویدا، هیچ کاریگەری و مەترسییەکیان لەسەر هەرێمی کوردستان نییە لەئێستادا.
پرۆفیسۆر دکتۆر فازڵ لاوە، مامۆستا لە بەشی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە هۆکاری بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی تورکیا و سووریا کرد و هاوکات چەند رێکارێکی گرنگی باس کرد کە ماوەی چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت بۆ بەرگرتن لە کاریگەرییە خراپەکانی بوومەلەرزە لەسەر بیناو باڵەخانەکان.
پرۆفیسۆر دکتۆر فازڵ لاوە لەبارەی سەرەتای هۆکاری دروست بوونی بوومەلەرزەوە رایگەیاند، "بوومەلەرزە لە ئەنجامی قەتیسبوونی وزەیەکی گەورەیە لە قووڵایی زۆری ژێر زەویدا و کاریگەرییەکەی لەسەر زەوی دەردەکەوێت".
سەبارەت بە زانیاری ورد لەسەر دوایین بوومەلەرزە کە بەشێک لە تورکیاو باکووری سووریای هەژاند، پرۆفیسۆر دکتۆر فازڵ لاوە گوتی، "لەنێوان پلێتی عەرەبی و پلێتی ئەنادۆڵیدا درزی گەورە هەن. ئەم درزانە لە قووڵایی زۆرەوە وزەکە دەگوازنەوە بۆ سەر رووی زەوی. ئەم وزەیە لە ئەنجامی یەکتربڕینی درزێک یان لێکترازانێکی گەورەیە لە دەریای سوورەوە لە کەنداوی عەقەبەوە تا گەیشتووەتە نزیکی عەنتاب و باکووری سووریا کە یەکتر دەبڕێت لەگەڵ لێکترازانی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ. ئەو یەکگرتن و وزە گەورەیە لەویادا هاتووەتە دەرەوە. چەقەکەی لەویادایە و قووڵاییەکەی ١٧.٩ کیلۆمەترە. ئەوەیش بوومەلەرزە گەورەکە بووە. بەداخەوە لە دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەوە بوومەلەرزەی دیکەیش هەبوو کە ئەوانیش بەهێز بوون، هەروەها قووڵاییەکانیان لە ٦ بۆ ٧.٥ تا ١٠ کیلۆمەتر بووە. پلەی رێختەری ئەو بوومەلەرزانە لە ٦ پلە و ٥ پلە کەمتر بووە. تەنها لە رۆژی دووشەممەدا نزیکەی ٦٠ بوومەلەرزەی پاش بوومەلەرزەی سەرەکی روویانداوە کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە هەبووە".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئەو شارەزایەی بواری جیۆلۆجی ئاماژەی بەوەدا کە لە بوومەلەرزە گەورەکان نزیکەی ١٠٠ ساڵ جارێک روودەدەن، ئەوەیش بەپێی مێژووی روودانی بوومەلەرزەکان کە تۆمار کراون.
پرۆفیسۆر دکتۆر فازڵ لاوە باسی لە سێ پلێتی سەرەکیی بوومەلەرزە کرد و گوتی، "رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لێکترازانە و بەشێکە لە پلێتی ئەنادۆڵ. سێ پلێتی سەرەکیمان هەیە؛ پلێتی عەرەبی و پلێتی ئەفریقی و پلێتی ئۆراسیا. ئەم یەکترگرتنە یان ئەم لێکترازانەی دەریای مردوو لەگەڵ رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ئەوەیە کە بەشێکی پلێتی عەرەبی جووڵاوە. سنووری باکوور و رۆژئاوای پلێتی عەرەبی جووڵاوە. ئەمەیش لەسەر زەوی پێی دەگوترێت پشتێنەی ئاگرین. ئەم پشتێنانە لەلای جیۆلۆجییان و جیۆفیزیایان ناسراون. بۆیە بوومەلەزەکە کە لەو ناوچەیە روویداوە، چاوەڕوان دەکرێت چالاکیی بوومەلەرزەکان زیاتر ببێت، بەڵام پێشبینیکردنی روودانی بوومەلەرزە تاکوو ئێستا لەڕووی زانستییەوە بەدی نەکراوە، بەڵام دەکرێت بڵێین لەسەر ئەم پشتێنە ئاگرینە چالاکی زیاتر بووە".
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە چالاکبوونی جووڵانەوەی پلێتی عەرەبی بە ئاڕاستەی پلێتی تورکی و پلێتی ئۆراسیا کرد و گوتی، "لەسەر پلێتی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٧ ئەوەی نزیک سەرتەکی بەمۆ ٧.٣ پلەی رێختەر بوو، ئەوەی ئەم چەند رۆژەی پێشوو ٧.٨ پلەیە، زیادبوونی ئەم بوومەلەرزانە نیشانەی چالاکبوونی جووڵانەوەی پلێتی عەرەبییە زیاتر بەرەو پلێتی تورکی و پلێتی ئۆراسیا. ئەم چالاکییە خەریکە تۆزێک زیاتر دەبێت. بێگومان ئەمە پەیوەستە بە سنوورەکانی دیکەی وەک سنووری ناوجەرگەی دەریای سوور تا دەگاتە یەمەن و سۆماڵ، هەروەها لە عومانەوە ئەو درزە گەورەیەی کە دێت بەرەو زاگرۆس و بەدلیس".
دکتۆر فازڵ لاوە، مامۆستا لە بەشی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی بەهۆی جووڵانی پلێتی عەرەبییەوە چەقی چالاکیی بوومەلەرزەیان زیاتر تیا دەبێت گوتی، "ئەو درزەی زیاتر کاریگەریی هەیە لەسەر کوردستان، درزەکەی زاگرۆسە. هەرێمی کوردستان لەسەر رۆژهەڵاتی باکووری پلێتی عەرەبییە. ئەو درزە گەورەیەی کە گوتم زاگرۆسە لێکترازان و درێژییەکەی لە بەتلیسەوە تاکوو عومانە. درزەکە بەناو کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت تا دەگاتە عومان لە کەنداو. ئەم چالاکیی بوومەلەرزەیە لەسەر سنووری باکوور و رۆژهەڵاتی پلێتی عەرەبییە. ئەو ناوچانەی لە کوردستاندا دەیگرێتەوە بریتین لە ناوچەکانی قەڵادزێ، قەندیل، ماوەت، چوارتا، پێنجوێن و شلێر. ئەم ناوچانە چەقی چالاکیی بوومەلەرزەیان زیاتر تیا دەبێت".
فازڵ لاوە باسی لە گرنگیی کۆدی بوومەلەرزەیی کرد لە دروستکردنی بینا و باڵەخانەکاندا و گوتی، "ئەوەی پێویستە بەپێی ستانداردی جیهانی لە کایەی بیناسازیدا پەیڕەوی لێ بکرێت بریتییە لە سایزمیک کۆد (کۆدی بوومەلەرزەیی). سایزمیک کۆد لە مەسەلەی دیزاین و کەرەستەی بەکارهێنراو بۆ دروستکردنی بینا رەچاوی پلەی بوومەلەرزە و توانای بەرگریکردن لێی دەکات. لە بینا کۆنەکاندا ئەم کۆدە نییە، بەڵام خۆشبەختانە لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ـەوە ئەم کۆدە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو کراوە، بەڵام ئەگەر پەیڕەوی لەم کۆدە نەکرێت ئەوە کەموکورتییەکەی گەورەیە. ئەگەر تەماشای سووریا بکەین دەبینین کە بینا کۆنەکان کاریگەرییان زیاتر لەسەر بوو. ئەوەیش بەهۆی بەکارنەهێنانی کۆدی بوومەلەرزەیی تیایاندا، بەڵام بۆ نموونە لەسەر سەدە(بەنداو)کانی تورکیادا ئەم کۆدە پەیڕەوی لێ کراوە، بەڵام وەکو کۆمەڵەی جیۆلۆجیی کوردستان راسپاردەمان داوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە مەسەلەی بیناسازی و بەنداو و تونێلدا رەچاوی کۆدی بوومەلەرزەیی بکەن. خۆشبەختانە ئەمە لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت، بەڵام ئەگەر کەسێک خۆی پەیڕەوی لێ نەکات ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە، چونکە لەو کۆدەدا ئەوە دەستنیشان دەکەیت کە بۆ نموونە ئەم بینایە دەبێت بەرگەی ٧ یان ٨ پلەی رێختەر بگرێت. دەبێت چیمەنتۆ و ئاسنەکەی ئەوەندە بێت. دیراساتی بناغەی زەوییەکەی دەکرێت. بۆیە ئەو بینایانەی کۆدی بوومەلەرزەییان تیادا بەکارنەهێراوە مەترسی بوومەلەرزەیان لەسەر دەبێت".
گوتیشی، "لە ساڵی ١٩٩٩ کۆمەڵێک بوومەلەرزە لە شاری سلێمانی روویاندا، دەرکەوت ئەو کۆدە کاری خۆی کردووە و پاش ئەوە خەڵک زیاتر پابەندی بەکارهێنانی ئەو کۆدە بوون. ئێستایش ئەمە زەنگێکی دیکەیە بۆ ئەوانەی بڕوایان بە کۆدی بوومەلەرزەیی نییە کە دەبێت جێبەجێی بکەن. ٧.٣ پلە لە ساڵی ٢٠١٧، ٧.٨ پلە لە دەوروبەرمان روویدا، کەواتە زەنگێک هەیە کە ئەو پلێتە دەجووڵێت و چالاکی زیاتری کەوتووەتە سەر. پێویستە لایەنە بەرپرسیارەکان ئەو کۆدە پەیڕەو بکەن".
پرۆفیسۆر دکتۆر فازڵ لاوە جەختی لەوە کردەوە کە لەئێستادا هیچ کاریگەری و مەترسییەکی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە لەسەر هەرێمی کوردستان نییە و گوتی، "بوومەلەرزە وەک فڕێدانی بەردێک بۆ ناو ئاوێک یەکەم جار شەپۆلەکانی دەوری بەردەکە گەورەن، تا دێت شەپۆلەکان بچووکتر دەبنەوە. بۆیە ئافتەرشۆکەکان، پاشبوومەلەرزەکان کاریگەرییان لەسەر ئێمە نییە. ئەو بوومەلەرزەیەی لە عەنتاب لە تورکیا و باکووری سووریا روویدا، هیچ کاریگەری و مەترسییەکیان لەسەر هەرێمی کوردستان نییە لەئێستادا. بوومەلەرزەکان و پاشبوومەلەرزەکان تۆمار دەکرێن، بەڵام کاریگەری و مەترسییان نییە لەسەر ئێمە. هەندێکیان هەستیان پێ نەکراوە و هەندێکیشیان هەستیان پێ کراوە. ئەو بوومەلەرزانەی لە هەرێمی کوردستاندا سەروو ٥ پلەی رێختەر کەمێک جێی مەترسین، بەڵام خوار ئەوە مەترسیدار نییە".
لەبارەی ماوەی خایاندنی بوومەلەرزەوە، گوتی، "زیادبوون یان زۆریی ماوەی بوومەلەرزە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر قەتیسبوونی وزە. تا قەتیسبوونەکە زۆرتر بێت و وزەکەی گەورەتر بێت، ماوەکەیشی زۆرتر دەبێت. بەداخەوە، ئەم بوومەلەرزەیەی دوایی کە کارەساتی گەورەی لێ کەوتووەتەوە ئەوەیە کە ماوەکەی زۆر بووە. ئەم درزەی کە بوومەلەرزەکەی لێوە دروست بووە، یەک درز نەبووە بەڵکو یەکگرتنی دوو درزە. واتە جووڵانەکە لەسەر دوو درز بووە و وای کردووە ماوەکەی زۆر زیاتر بێت، هەروەها وزەیەکی ژێرزەوی زۆر زیاد بووە".
لە کۆتایی دیمانەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر فازڵ لاوە، مامۆستا لە بەشی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی داوای لە هاووڵاتییان کرد نەشڵەژێن و رێنماییەکانی لایەنەکانی پەیوەندیدار پەیڕەو بکەن و گوتی، "پێویستە هاووڵاتییان رێنماییەکانی تایبەت بە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ بوومەلەرزە جێبەجێ بکەن. پێویست بە شڵەژان ناکات، ئەگەر دەتوانن لە بیناکان بچنە دەرەوە لەکاتێکدا بوومەلەرزەکە گەورە بوو. لەلای دەرگا و پەنجەرەوە مەوەستن. ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێلدا بوون بوەستن و دوور بکەونەوە لە بینا. پێویستە کارەبای ماڵ بکوژێنرێتەوە. چونکە یەکێک لە گرفتەکانی بوومەلەرزە، بوومەلەرزەکە خۆی نییە بەڵکو ئەوەیە کە لە دوای ئەوەوە دێت. رەنگە ئاگرکەوتنەوە روو بدات بەهۆی کارەباوە. دڵنیایی دەدەین بە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ئەو تەوژمەی لە عەنتابە کاریگەری لەسەر کوردستان نییە".
news_share_descriptionsubscription_contact



