Heman Hussein Yaseen Yaseen
25 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2019
هەولێر - AA
ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن شێخانی رایگەیاند کە بزووتنەوەکەیان ئیستیحقاقی خۆیان لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە لە رێککەوتنەکەی نێوان بزووتنەوەکەیان و پارتی باس لە بوونی دوو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم نەکرابوو.
هێمن شێخانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر لەم ماوەیەدا بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو بێت، ئەوا ئێمە نەبووین و لایەنی دیکە بووە و لە میانی چەند هەفتەی رابردوودا کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم کابینەیە زوو پێک بێت".
ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر، هێمن شێخانی لەبارەی پرسی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم گوتی: "لە هەشت ساڵی رابردوودا کێشە و ململانێی سیاسیی هەبووە، لەئێستادا گرنگترین شت ئەوەی هاتووەتە بەرهەم ئەوەیە کە کێشە سیاسییەکان لەبەردەم لایەنەکان گەیشتووەتە بنبەست و چارەسەرکراوە، لەناو گفتوگۆکاندا ئەگەر پرسێک هەبێت پەیوەست بێت بە هاووڵاتییانەوە نابێت عینادی لێ بکرێت. لە رێککەوتنەکەی نێوان ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە هیچ شێوەیەک باسی هەبوونی دوو جێگر نەبووە، بەڵام ئاساییە لە هەندێک حاڵەتدا سازش لەسەر هەندێک شت بکەیت کە خزمەت بە هاووڵاتییان بکات".
لەبارەی چۆنیەتی گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان، هێمن شێخانی گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان ئیستیحقاقی خۆی بە تەواوی وەەرگرتووە لەم کابینەیەدا بەبێ زیاد و کەم و لە ماوەی رابردوودا هەوڵی ئەوەدرا کە جێگرێک زیاد دەکرێت، هەوڵ دەدرێت لە ئیستیحقاقی ئێمە کەمبکرێتەوە، بۆیە ئێمە لە گفتوگۆکان جێگای ئەوانەمان کردەوە".
لەبارەی ئەوەی ئایا بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر چیدا رازی بووە کە جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم زیاد بکرێت، هێمن شێخانی گوتی: "بەدیاریکراوی ناتوانم دەست لەسەر هیچ شتێک دابنێم، بەڵام بە دڵنیایییەوە لەبەرامبەر ئەوەدا بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی لە ئیستیحقاقبوونی خۆی کەم نەبێتەوە، ئەوا شتی دیکە وەردەگرێت".
ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن شێخانی گوتیشی: "گرنگترین شتی ئێمە مەلەفی ئەمنیی، نەوت و پێشمەرگەیە لە هەمانکاتدا بەرنامەی کارمان بەم شێوەیە کە هەموو سێ مانگ جارێک بەدواداچوون بکات بۆ ئەو بەرنامەیەی کە پێشکەشی کردووە و هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم کابینەیە لە خزمەتی هاووڵاتییاندا دەبێت".
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرایشی دەکات کە هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانییان کۆدەبێتەوە و دواتر کۆبوونەوەی لایەنەکان دەست پێ دەکات و گوتی: "هەفتەی داهاتوو ئەگەری ئەوەی هەیە کە جڤاتی نیشتمانییمان کۆبێتەوە و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە ودوای ئەوانیش کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەمەش دەبێتە کۆتا خاڵ و قسەکردنمان لەسەر ئەوە دەبێت کە چۆن چارەسەری کێشەکان و کەموکوڕییەکانی رابردوو بکەین".
ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن شێخانی لەبارەی کاندیدەکان و بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەڕێوەبردنی پشکەکانیان لە حکوومەتی داهاتوودا گوتی: "لیژنەیەکی باڵا دروستکراوە لەسەر بڕیارەی جڤاتی نیشتمانییمان و خەریکی کارەکانی خۆیەتی و خەریکی هەڵاوێردکردنی سیڤییەکانە و دواجار دەرەنجامەکەی دەنێرنەوە لای جڤاتی نیشتمانیی و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت".