Zana Natık Kerem,Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
07 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس دوای گەیشتنی بۆ شارۆچکەی قەرەقۆش باشووری رۆژھەڵاتی مووسڵ لە کڵێسای تاھیرەی گەورە نزای بۆ قوربانییانی جەنگ کرد.
پاپا فرەنسیس لە شاری مووسڵەوە بەھێلیکۆپتەر گەیشتە شارۆچکەی قەرەقۆش و لەلایەن ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی مەسیحیی و ھاووڵاتییانی پێکھاتەکانی دیکەی نیشتەجێی شارۆچکەکە پێشوازی لێکرا.
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس دوای گەیشتنی بۆ شارۆچکەی قەرەقۆش، چووە کڵێسای تاھیرەی گەورە.
پاشان چەندین گوتار لە بەردەم پاپا فرەنسیس لە کڵێسای تاھیرەی گەورە پێشکەشکران و لە یەکێک لە گوتارەکان باس لە ھێرشەکانی داعش بۆسەر شارۆچەکە کرا و لەوبارەیەوە ئەوە وەبیرھێنرایەوە کە ساڵانێک لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش پەلاماری شارۆچکەکەیان دا، دانیشتوانی ناوچەکەیش بەرەوڕووی قێزەونترین پەلاماری دژبە مرۆڤایەتی بوونەوە.
لە گوتارەکاندا ئاماژە بەوەدراوە کە ھەمووان ئومێد دەکەن ئەم سەردانەی پاپا فرەنسیس، ببێتە مایەی پتەوترکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکە.
دواتر پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە کڵێسای تاھیرەی گەورە گوتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا جەختی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکھاتەکان کردووە و رایگەیاند "بوونی ئێوە لێرە، مانای پێکەوەبوونە بە ھەموو رەنگە جیاوازەکان".
پاپا فرەنسیس گوتیشی: "جێگەی داخە کە بینیمان چۆن ئەم ناوچەیە لەلایەن ھێزەکانی تاریکییەوە وێرانکراوە".
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی داواشی لە سەرجەم پێکھاتەکانی ناوچەکە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان بپارێزن و ھەنگاو بۆ داھاتوو بنێن و گوتی:
"برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە زۆر لە رق و توندوتیژیی بەھێزترە".
پاپا فرەنسیس لە کڵێسای تاھیرەی گەورە نزای لە پێناو قوربانییانی جەنگ و توندوتیژی کرد و گوتی: "دەنگی نزامان بۆ قوربانییانی جەنگ بەرزدەکەینەوە".
کڵێسای تاھیرەی گەورە بە یەکێک لە کڵێسا گەورەکانی مەسیحییەکانی شاری مووسڵ دادەندرێت کە لە ساڵانی رابردوودا لە میانی داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە کرابووە دادگا و دواتر وێرانکرا و سووتێندرا.
کڵێساکە لە حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا و لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شاری مووسڵ، لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆ، دەست بە دووبارە بنیاتنانەوەی کرابوو.