١١هەمین فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بۆ بەرهەمی خۆماڵی کرایەوە
ئەم بۆنە ساڵانەیە، کە بۆتە هێمای یەکگرتوویی و خۆشەویستی بۆ بەرهەمی خۆماڵی، هەموو چین و توێژەکانی هەڵەبجەی لە دەوری یەکتر کۆکردووەتەوە، هەر لە باخەوانانەوە تا بازرگانان، لە گەنجانەوە تا کەسانی بەتەمەن.
Arbil
هەڵەبجە - AA
ئەمڕۆ پێنج شەممە، هەڵەبجەی شەهید بە سازکردنی ١١هەمین فیستیڤاڵی هەنار و پاییز سەرلەنوێ بووژایەوە.
ئەم بۆنە ساڵانەیە، کە بۆتە هێمای یەکگرتوویی و خۆشەویستی بۆ بەرهەمی خۆماڵی، هەموو چین و توێژەکانی هەڵەبجەی لە دەوری یەکتر کۆکردووەتەوە، هەر لە باخەوانانەوە تا بازرگانان، لە گەنجانەوە تا کەسانی بەتەمەن.
فیستیڤاڵەکە کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت، تەنیا نمایش کردنی هەنار نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکە بۆ دەوڵەمەندیی کشتوکاڵی و کلتووری ناوچەکە. باخەوانان شانازی بە بەرهەمەکانیانەوە دەکەن، کە بە دەستی ماندوونەناسانە چێندراون و گەورە کراون، هەنارەکان بە ڕەنگ و تامە جیاوازەکانیانەوە، سەرنجی هەزاران سەردانکەر ڕادەکێشن.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵیش فیستیڤاڵەکە ببێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و خەڵکی ناوخۆ، کە دێن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنا بن بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و لە تام و چێژی هەناری هەڵەبجە بەهرەمەند بن.
ئەم فیستیڤاڵە دەرفەتێکە بۆ باخەوانان بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ بە کڕیاران بفرۆشن، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ بووژانەوەی ئابووریی ناوچەکە.
جگە لە نمایش کردنی هەنار، فیستیڤاڵەکە چەندین چالاکی دیکە لەخۆدەگرێت، وەک پێشانگای دەستکردەکان، نمایش کردنی جلوبەرگی کوردی، و پێشکەش کردنی خواردنە خۆماڵییەکان. هەروەها چەندین چالاکی هونەری و کلتووری پێشکەش دەکرێن، کە زیاتر ڕەونەق بە فیستیڤاڵەکە دەبەخشن.
فیستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، تەنیا بۆنەیەکی کاتی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ بەردەوامیی ژیان و ئومێد لەم شارە ڕەنگینە. ئەم فیستیڤاڵە، ساڵ بە ساڵ خۆشەویستی بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی زیاتر دەکات و، هەڵەبجە دەکاتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیاران و وەبەرهێنەران.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
