وەزیری نەوتی عێراق: "لە ڕێگای بوڕی کەرکووکەوە نەوت ھەناردەی تورکیا دەکەین بەبێ ئەوەی بە ھەرێمی کوردستاندا تێپەر ببێت"
وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند کە بەمزووانە لە ڕێگای بۆڕی کەرکووکەوە، نەوت ھەناردەی بەندەری جەیھانی تورکیا دەکەن کە بە ھەرێمی کوردستاندا تێپەڕ نابێت.
Arbil
ھەولێر ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند کە بەمزووانە لە ڕێگای بۆڕی کەرکووکەوە ، ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکەن کە بە ھەرێمی کوردستاندا تێپەڕ نابێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەدا کە بەھۆی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەی کەنداو و داخستنی گەرووی ھورمزەوە، ھەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگای بەندەرەکانی باشوورەوە بە تەواوی وەستاوە، ئەمەش وایکردووە عێراق ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ کەمتر لە نیوە داببەزێنێت و بەدوای ڕێگا نوێدا بگەڕێت بۆ ھەناردەکردن.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشداوە كە عێراق پێشتر لە چوارچێوەی پشکی دیاریکراوی ئۆپێک پڵەس کە چوار ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل بوو، ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بەندەرەکانی باشوورەوە ھەناردە دەکرد، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕ لە ناوچەکە، ھەناردەکردن وەستاوە و گوتیشی: "بە ھۆی وەستانی هەناردەكردنی نەوت لە باشووری عێراق، وەزارەتەكەمان ناچار بووە پلانێکی بەپەلە جێبەجێ بکات بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنان بۆ تەنھا یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بۆ یەک ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کە ئەو بڕەش تەنھا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و کارپێکردنی پاڵاوگەکانی (باشوور، ناوەڕاست و باکوور)ـە کە ڕۆژانە پێویستیان بە زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار بەرمیلە، لەگەڵ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا".
ھەروەھا حەیان عەبدولغەنی ڕاشیگەیاند کە ھەوڵەکانیان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری بانیاس لە سووریا و عەقەبە لە ئوردن ھەناردە بکەن، بەڵام بەھۆی نەبوونی بۆڕیی گواستنەوە، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کێبڕکێ (تەندەر) بۆ گواستنەوەی نەوت بە تانکەر بۆ ئەو دوو وڵاتە ڕادەگەینن.
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەش کرد: "لەگەڵ ھەرێمی کوردستان قسەمان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن ڕۆژانە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆرییەکانی ھەرێمەوە ھەناردەی بەندەری جەیھان بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن".
ئاماژەی بەوەشدا کە لە دوای داخستنی گەرووی ھورمزەوە دەستیان کردووە بە ھەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک- تورکیا و ڕایگەیاند کە ھەوڵدەدەن، بەم زووانە لە ڕێگای بۆڕی کەرکووکەوە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار نەوت لە ڕۆژێکدا ھەناردەی بەندەری جەیھان بکەن کە بە ھەرێمی کوردستاندا تێپەڕ نابێت.
وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەھۆی ئەم دۆخەوە، کارکردن لە بەشێکی زۆری کێڵگە نەوتییەکان وەستاون، لەوانە: (قورنەی یەک و دوو، مەجنوون، فەیحا، حەلفایە و بوزورگان). لە ئێستادا لە ناوچەی باشوور تەنھا ھەردوو کێڵگەی (رومێلەی باکوور و زوبێر) لەگەڵ کێڵگەی گازی سیبە لە کارکردن بەردەوامن، ئەوەش بەمەبەستی دەرھێنانی غازی ھاوەڵ بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.
حەیان عەبدولغەنی لە پەیامەکەیدا دڵنیایی دایە ھاووڵاتییان و ڕاگەیاند کە سەرەڕای وەستانی ھەناردەکردن، بەڵام سەرجەم پاڵاوگەکان بە توانای تەواوی خۆیان کاردەکەن بۆ دابینکردنی بەرھەمە سپییەکانی وەک (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غازی شلی ماڵان LPG).
ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا ڕۆژانە، شەش ھەزار تۆن غازی شل بۆ ماڵان بەرھەم دەھێندرێت و گوتیشی: "عێراق خاوەنی یەدەگێکی ستراتیژیی غازی ژێرزەوییە کە بڕەکەی زیاتر لە ٥٠ ھەزار تۆنە و لە کاتی پێویستدا دەخرێتە بازاڕەوە".
