Hawkar Yaseen
05 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان ئاشکرا کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە لە کۆتایی هەفتەدا، دۆخەکە باشتر دەبێت.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە "هاووڵاتییانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، بەهۆی هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا بۆ شەش هەزار مێگاوات و هاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە لە کاتێکدا، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا دوو هەزار و ٨٠٠ مێگاواتە، ماوەکانی پێدانی کارەبا بۆ ١٠-١٢ کاتژمێر کەم بووەتەوە".
راشیانگەیاندووە "وەزارەتی کارەبا کار بۆ گەڕاندنەوەی دوو یەکەی وێستگەی هەڵمیی خەبات دەکات و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانیی کارەبا دەگەڕێتەوە و تا ئاستێک دۆخی کارەبا باشتر دەبێت".