Zana Natık Kerem
03 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیرکردنی بەناو والی فەللوجە سەربە داعشی راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی فیدراڵی بە ھاوکاری لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بەناو والی فەللوجە سەربە داعش ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوو، دەستگیرکردووە و ھاتووە:
"گەورە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە لە میانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دانی بەوەداوەناوە کە لە ٢٠٠٥دا پەیوەندی بە رێكخراوی ئەلقاعیدەوە کردبوو و پاشان پەیوەندیی بە رێکخراوی داعشەوە کردووە و دوای پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەنبار، ھەڵاتبوو و چووبووە سووریا و دوای گەڕانەوەی کرابووە بەناو جێگری والی مووسڵ و دواتر بەناو والی فەللوجە دەست نیشان کرابوو".
بەپێی راگەیەنراوەکە گەورە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە دانی بەوەیشداناوە کە چەندین کردەی تیرۆریستی دژبە ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان ئەنجامداوە و باس لەوەشکراوە کە تیرۆریستە دەستگیرگراوەکە دوای وەرگرتنی گوتەکانی، دادوەریی لێکۆڵینەوە بڕیاریدا، رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەری بگیرێتەبەر.