وەزارەتی تەندروستیی ١٢ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ھەولێر راگەیاند
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێم: "لە ئەنجامی پشکنینەکان ١٢ حاڵەتی نوێ لە شاری ھەولێر دەستنیشانکرا کە نۆ لەوان کەسوکار و بەرکەوتەی تووشووەکەی دوێنێی کۆمەڵگای سێبیران-ە و سێ کەسی دیکەش بەرکەوتەی قوتابییە تووشبووەکەی پێشووە کە کەرەنتین کرابوون".
Arbil
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ١٢ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) لە شاری ھەولێر راگەیاند.
لە راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە ''لە ئەنجامی پشکنینەکان ١٢ حاڵەتی نوێ لە شاری ھەولێر دەستنیشانکرا کە نۆ لەوان کەسوکار و بەرکەوتەی تووشبووەکەی دوێنێی کۆمەڵگای سێبیران-ە و سێ کەسی دیکەش بەرکەوتەی قوتابییە تووشبووەکەی پێشووە کە کەرەنتین کرابوون".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی ھاووڵاتییان کە لە کەرەنتینەکاندا بوون؛ چوار ھەزار و ٥٩٣ ھاووڵاتیی لە ٢٦ شوێنی جیاوازن و لەئێستادا تەنھا ھەزار و ٥٢٨ ھاووڵاتیی لە کەرەنتین ماونەتەوە کە ٨٠٨ لە ھەولێر، ٣٣٩ لە سلێمانی، ٢٣٣ لە دھۆک، ٣٧ لە ھەڵەبجە، ٣٢ لە گەرمیان، ٥٤ لە راپەرین و ٢٥ لە کۆیە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە ھەزار و ٦٥ ھاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوون و گەڕانەونەتەوە ناو خێزانەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی دوو ھەفتە مانەوە لە کەرەنتینکردن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، گەیشتووەتە ٧٦ حاڵەت و لەو ژمارەیەش ٥٤ حاڵەت لە سلێمانی، ٢١ حاڵەت لە ھەولێر و یەک حاڵەت لە دھۆک ھەیە و لەم ژمارەیەش؛ ١٣ حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی چاکبوونەتەوە و گەڕاوەتەوە ناو خێزانەکانییان و یەک حاڵەتی مردنیش ھەیە.