وهزیری ناوخۆی حكوومهتی ههرێمی كوردستان: ''نوێژی جەژن ئەنجام نادرێت''
وهزیری ناوخۆی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، رێبهر ئهحمهد: ''رایدەگەیەنین کە مەترسییەکە لە جاران بەھێزترە چونکە جاران سەرچاوەکەی ئاشکرابوو بەڵام ئێستا سەرچاوەکەی نادیارە''.
Arbil
ههولێر - AA
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە قەدەغەی ھاتوچۆ لە رۆژانی جەژندا و ئاماژەی بەوەکرد کە تیمەکانی تەندروستی، ھێزە ئەمنییەکان و رۆژنامەوانان دەتوانن لە رۆژانی جەژندا ھاتووچۆ بکەن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە قەدەغەی ھاتووچۆ لە رۆژانی جەژن گوتی: ''دەمانەوێت بەرکەوتەی کەمتر ھەبێت ئەگەرنا سەردانیکردنی خۆشەویستان وەکو ئەرکێکی ئایینی شتێکی باوە، بەڵام بە باشمان زانی بۆ رێگەگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەغە رابگەیەنین چونکە وەک دەزانن لەماوەی ھەفتەیەکدا نزیکەی ٤٠ کەس تووشبووی ڤایرۆسهكهن، ئەو ژمارەیه کە لەماوەی رابردوودا تۆمارکراوه بەڵگەیە کە ئەم ڤایرۆسە بڵاوبووەتەوە''.
رێبهر ئهحمهد گوتیشی: ''ئەوەی بۆ ئێمە نادیارە سەرچاوەی ئەم چەند حاڵەتەی بەم دواییە، جا ئایا سەرچاوەکەی ئەو ھاووڵاتیانەیە کە لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق یان لە وڵاتی دراوسێیەوە گەڕاونەتەوە، بۆ ئێمە نادیارە، بەڵام ئەوەی ھەستمان پێکردووە کە حاڵەتی زیاتر ھەیە بەڵام جارێ ئاشکرا نەکراوە''.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە کرانەوەی بازاڕەکان کرد و گوتی: ''زۆرێک لە خەڵک پرسیار دەکەن کە بۆچی بازاڕەکان کرایەوە کەچی رۆژانی جەژن کرایە قەدەغەی ھاتووچۆ، بێگومان بازاڕەکان لە ژێر فشاری ئابووریی ھاووڵاتییان کرانەوە دەنا ئێمە وەکو حکوومەت لەگەڵ ئەوەدابووین کە ھێشتا پڕۆسەکە بەردەوام بێت''.
گوتیشی: ''ئێستاش رایدەگەیەنین کە مەترسییەکە لە جاران بەھێزترە چونکە جاران سەرچاوەکەی ئاشکرابوو بەڵام ئێستا سەرچاوەکەی نادیارە''.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە ئاسانکارییەکانی رۆژانی جەژن کرد و رایگهیاند: ''رۆژانی جەژن رەچاوی وەرزی کشتوکاڵ دەکرێت و لە رۆژی دووەم و سێیەمی جەژن بە تایبەت بۆ ئەو ناوچانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن، جووتیاران دەتوانن ھاتووچۆ بکەن، ھەروەھا عەلوە و نانەواخانەکان کراوە دەبن و رێگا دەدرێت خەڵک سەوزە و میوە بگەیەنێتە ھاووڵاتییان''.
لەبارەی ھاتوچۆی رۆژنامەنووسانیشەوە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد گوتی: ''لە رۆژانی جەژندا، ھێزە ئەمنییەکان تیمەکانی تەندروستی و رۆژنامەنووسان دەتوانن ھاتوچۆ بکەن''.
لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە ئەگەری ھەیە لە ھەندێک شوێن نوێژی جەژن بکرێت، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد گوتی: ''لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای یەکێتیی زانایان، گەیشتینە ئەو باوەڕەی کە نوێژی جەژن سونەتە و واجب نیە و ئەگەر بکرێت باشترە بەڵام ئەگەر نەشکرێت ئەوا لەبەر بەرژەوەندی گشتییە، بۆیەش نوێژی جەژن ئەنجام نادرێت، نەشمزانیووە نوێژی جەژن لە پارێزگایەک ئەنجام بدرێت و لە پارێزگایەک ئەنجام نەدرێت، قەدەغەی ھاتوچۆ راگەیهنراوە و بە پێچەوانەوە ھەموو جموجۆڵێک سەرپێچییە بە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ''.
سهبارهت به سزاکانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ لهبارهی ئهو ئوتومبێلانەی وادەی مامەڵەکانییان کەوتووەتە پشووەوە، رێبەر ئەحمەد گوتی: ''رێنماییەکمان دەرکرد ھەموو ئەو سزایانەی بە تایبەت لەسەر ژمارەی کاتیی ھەیە تا ١ی حوزەیران لێی خۆش دەبین، بەڵام نەمزانیوە سزا وەرگیرابێت و دەمەوێت ھاوولاتییان دڵنیابکەمەوە کە لەبەیانییەوە تا یەکشەممە پشووە، بۆیە ئاگاداری پۆلیس دەکەین کە ئەم رۆژانەش بە پشوو ھەژمار دەکرێت و تا ١٥ی حوزەیران لێخۆشبوونەکە درێژدەکەینەوە''.