Hawkar Yaseen
04 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2021
هەولێر AA
پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگهیهنراوێكدا دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی راگەیاند کە لە شەوی سەری ساڵدا هێرشیان کردبووە سەر گەشتیارانی عەرەب و زیانیان پێگەیاندبوون.
لە راگهیهنراوهكهدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە "لە شەوی ساڵی نوێ ئاژاوەیەك لە بەردەم فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر دروست بوو چەند كەسێك هێرشیان كردە سەر گەشتیاران و سەردانیكارانی ئەو شوێنە و زیانیان بە چەند پاس و ئۆتۆمبێلێك گەیاند، بۆیە لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس رێكاری یاساییان لە بەرامبەردا گیرایە بەر و ١٦ تۆمەتبار بەو هۆیەوە دەستگیركراون و پەڕاویان بۆ رێكخراوە و بەپێی ماددەكانی ٤٧٧ و ٤١٣ لە یاسای سزادان دەستگیر كراون".
لە راگهیهنراوهكهدا کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، پەیامێک ئاراستەی ئەو کەس و گەشتیارانە كراوه کە لە شوێنی رووداوەکە بوون و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگهیاندووه: "هەر كەسێك زیانی بەركەوتووە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بكات تاوەكو رێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر".
لە کۆتایشدا پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر كە هەر كەسێك تاوان ئەنجام بدات، لە یاسا دەربازی نابێت و بە شەونخونیی هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر وھێزە ئەمنییەكانی تری شاری هەولێر رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".