Hawkar Yaseen
19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2020
هەولێر - AA
حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە یاداشتنامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریان کردووە داوا دەکەن؛ قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت و ژیان ئاسایی بکرێتەوە.
لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەباس محەمەد رەسوڵ رایگەیاند "نزیکەی پێنج مانگە قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و رێکارە تەندروستی و ئیدارییەکان بەردەوامە، بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، هەو رێکارە بۆ قۆناغێک تا رادەیەک گونجاوبووە و رەنگە ئامانجەکەی بەڕێژەیی پێکابێت، بەڵام هیچ کات لەو رێکارانە تاسەر گونجاو نابن، بەپێچەوانەوە رەنگە زیان بە هاووڵاتییان بگەیەنێت".
عەباس محەمەد رەسوڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "هیچ پاساوێک نەماوە هەمان رێکارەکانی قۆناغی سەرەتا بگیرێتە بەر و لە هەموو دنیا بارودۆخ ئاسایی کراوەتەوە، سیاسەتی ژیان بووەتە راهاتن و ژیان لەگەڵ کۆرۆنا بە خۆپارێزییەوە، ناکرێت حکوومەت هیچ هاوکارییەکی لەتوانادا نەبێت قەرەبووی زەرەر و زیانی هاووڵاتییان و بازاڕەکانی نەبێت و رێکارەکان لەسەر شانی هاووڵاتی جێبەجێ بکات، بۆیە پێویستە حکوومەت هەنگاوی پێویست بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بهاوێژێت و لەگەڵ گرتنەبەری رێکارە پێویستەکانی تەندروستیی".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند "پێویستە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا بکەونەوە کار کە ئێستا بەشێکی زۆری وەستاوە و هاووڵاتی سەرباری نەبوونی مووچە، بۆ چارەسەر روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکات، داواکارین چیدیکە بەناوی خۆپارێزی رێگری لە ژیان و کەسابەتی خەڵک نەکرێت بەتایبەت کە ئێستا خەریکە فڕۆکەخانەکانی ناوچەکەیش دەکەونەوە کار".
لە کۆتایی یاداشتنامەکەیاندا ئەو حەوت ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە دوو خاڵدا داوایان کردبوو؛ قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت، هەروەها دەرگای مزگەوتەکان بەڕووی نوێژخوێنان بکرێنەوە لەگەڵ جێبەجێکردنی رێکاری خۆپارێزی.
داواکاری ئەو حەوت ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر خرایە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەوە، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و نەبووە بڕیار.