عێراق, کۆڤید- ١٩

هەرێمی کوردستان.. ئاڵنگارییە تەندروستیی و سیاسییەکان لەگەڵ کۆرۆنا

لەگەڵ یەکەم رۆژی داخستنی بازاڕ و دووکانەکاندا، دووەم رۆژی قەدەغەکردنی هاتوچۆ کە بەهۆی رێکاری تەندروستییەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەندرابوو، کاسبکارانی شاری سلێمانی هاتنە سەر شەقامەکان و داوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنی هاتوچۆیان کرد.

Rewa Mahmood Hasan  | 02.06.2020 - نوێکردنەوە : 02.06.2020
هەرێمی کوردستان.. ئاڵنگارییە تەندروستیی و سیاسییەکان لەگەڵ کۆرۆنا

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

دوای ئەوەی کە لە رۆژانی پێشوودا لە هەرێمی کوردستان تەنها لە رۆژێکدا زۆرترین ژمارەی تووشبوو راگەیەندرا کە گەیشتە ١٠١ کەس و تەنها لە سلێمانی ٩٣ کەس بوون، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای نوێ، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی سەرتاسەریی لە یەکی حوزەیرانەوە بۆ شەشی مانگ راگەیاند بۆ ماوەی شەش رۆژ.

بڕیارەکە لە ئێوارەی دوێنێ یەکی حوزەیران کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە و هاتوچۆ لە گشت شار و شارۆچکەکانی هەرێم راگیرا، بەڵام لە هەندێک ناوچە، گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجام درا بۆ شکاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ.

شەوی رابردوو لە شاری دەربەندیخان ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران و هاووڵاتییان رژانە سەر شەقامەکان و داوای کردنەوەی دووکان و بازاڕەکانیان کرد بەهۆی ئەوەی کە هیچ سەرچاوەیەکی تری بژێوییان نییە.

بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ چەندین دووکان و بازاڕ لە شاری دەربەندیخان کراونەتەوە و مامەڵەی ئاسایی خۆیان ئەنجام داوە و پابەند نەبوون بەرێنماییەکانەوە.

- گردبوونەوەی کاسبکارانی سلێمانی

لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ، دووی حوزەیران کۆمەڵێک کاسبکار لە بەردەم بینای قایمقامیەتی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوای کردنەوەی دووکان و بازاڕەکان و هەڵگرتنی قەدەغەکردنی هاتوچۆیان کرد.

سۆران ئەبوبەکر ٥٥ ساڵ کە کاسبکارێکی شاری سلێمانی-یە و بەنوێنەرایەتی کاسبکارە ناڕازییەکان لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

سۆران ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان داوای ژیان دەکەن و تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان دووکانێکە، بۆیە داوا دەکەن کە قەدەغەکردنی هاتوچۆ هەڵپەسێردرێت و بیر لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانیش بکرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە کرێی سێ مانگ دووکان قەرزارە و وەک نیشانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دا، تەنها یەک هەزار دینار و مۆبایلێکی هەرزان بایی لە گیفرانیدا بوونی هەیە و جگە لەوە خاوەنی هیچ سەرمایەیەکی تر نییە.

بەپێی گوتەی ئەو، قایمقام بڕیاری داوە داواکارییەنیان بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار، بۆ ئاسانکاریی لە قەدەغەکردنی هاتوچۆدا، هەوڵ دەدەن پشتگیری بکەن لە رێکاریی ئاسانتر لە قەدەغەکردنی هاتوچۆ.


- سەرۆکایەتی یەکێتی لەگەڵ قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواودا نییە لە سلێمانی و دەورووبەری

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان سه‌رۆكایه‌تی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان په‌یوه‌ندی به‌ جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێم و پارێزگاری سلێمانی-یه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "پێویسته‌ ھاوسه‌نگی بكرێت له‌نێوان رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان و گوزه‌رانیان، چونكه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ شێوازی توندی قه‌ده‌غه‌كردنی ھاتوچۆ و په‌كخستنی بازاڕ و كه‌سابه‌ت چاره‌سه‌رێكی گونجاو نییه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ ھه‌قه‌ حكوومه‌ت و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان رێنمایی توند بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و چاودێری ته‌ندروستیی بكه‌ن باشتره‌ له‌ بژارده‌ی قه‌ده‌غەکردن‌ی ھاتوچۆ".

ھه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی راسپاردوه‌ كه‌ ھه‌ڵسوكه‌وتیان به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایی ھاووڵاتییان كه‌ به‌دوای كاسبی و گوزه‌رانی خۆیانه‌وه‌ن، نه‌رم بێت و ره‌چاوی باری ده‌روونی خه‌ڵك بكه‌ن.


- دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی

بەپێی زانیارییەکان هەر لە سەرەتای قەدەغەکردنی هاتوچۆوە چەند جارێک ناکۆکی کەوتۆتە نێوان یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و رێکارە ئەمنییەکان بۆ پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەکان.

دواجار دوای راگەیاندنی ٩٣ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای سلێمانی، هەشت حاڵەتی تر لە ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور ناکۆکییەکانی سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی کە کاندیدی هەمان حزبە دروست بووە، بەپێی دەنگۆکان، سەباح نەسرەددین دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی کە بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی-یە راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ کراوە یان نا.


- پارێزگارەکان دەسەڵاتیان پێ دەدرێت

مشتومڕی قەدەغەی هاتوچۆ و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوکات ناڕەزایەتی خەڵک لە رێکارەکانی هاتوچۆ، بووە هۆی ئەوەی کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی و هەروەها پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ساز بکات و دوای تەواوبوونی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد رایگەیاند کە دەسەڵاتی تەواو دراوە بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کە رێنمایی بۆ ئاسانکارییەکان دەربکەن.

رێبەر ئەحمەد هاوکات گوتیشی کە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێ هاوکات چاودێری دۆەکە بکەن و سزای داخستن و یان ماددی ئەو دووکانانەش بدەن کە سەرپێچی لە بڕیارەکان دەکەن.





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın