19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كۆبوویەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە گرنگە زیاتر پەرە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئێران بدرێت، هەروەها راشیگەیاندووە كە گرنگە بە هاوبەشی كار بكرێت لە پێناو پتەوتركردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
بەپێی راگەیەندراوەكە مستەفا كازمی گوتی: "عێراق هەوڵدەدات رۆڵی هاوسەنگ و ئەرێنی خۆی لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكەدا بگێرێت كە رەنگدانەوەی باشی لەسەر خۆشگوزەرانی گەلانی ناوچەكەدا، هەبێت".
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتە روو كە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاندووە "گرنگی بەسەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بۆ تاران دەدات چونكە ئەو سەردانە دەبێتە مایەی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات".
بەپێی راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد جەواد زەریف گوتی: "ئێران دەڕوانێتە قۆناغێكی نوێ و ئەرێنی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا".
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف کە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە گەیشتە بەغدا، هەروەها لەگەڵ سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆدەبێتەوە.
پێشتر میدیاكانی عێراق بڵاویانكردبوویەوە كە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی ئێران دەكات.