Heman Hussein Yaseen
17 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٦٣ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٢٤ کەسی دیکەیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٦٣ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٢١٣ کەس لە ھەولێر، ٥٨ لە سلێمانی، ٣٤ لە گەرمیان، ١١٦ لە دھۆک و ١٥ کەسیش لە ھەڵەبجە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
وەزارەتی تەندروستی ئەوەیشی خستوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، گیانیان لەدەستداوە بریتیین لە ٢٤ کەس و لەو ژمارەیەش ١٠ لە ھەولێر، پێنج لە سلێمانی، پێنج لە دهۆک، دوو لە گەرمیان و دوو کەسیش لە راپەڕین.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار ھەزار و ٢٥٨ پشکنینی نوێ بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە و دە هەزار و ٢٨ کەسیش چاکبوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە بریتییە لە ٢٥٢ ھەزار و ٥٥١ پشکنین و تا ئێستاش ٢١ ھەزار و ٦٦٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ١٢ ھەزار و ٥٢٤ کەسیش دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەڕاونەتەوە ناو ماڵەکانییان، هەشت ھەزار و ٣٥٩ کەسیش لە نەخۆشەخانەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و بەکۆی گشتیش تا ئێستا ٧٧٧ کەس بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە لەو ژمارەیە ٢٥٤ کەس لە هەولێر، ٤٩٣ کەس لە سلێمانی، ١٨ کەس لە دهۆک و ١٢ کەسیش لە هەڵەبجە بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.