Sarmand Hameed
16 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٩٧٠ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، دەرەنجام ١٨٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری کارەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٩٧٠ پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ٦٤٧ لە هەولێر، ٦١١ لە سلێمانی، ٤٦٦ لە دهۆک، ١٣٦ لە گەرمیان و ١١٠ لە راپەڕین بووە، دەرەنجام ١٨٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تووشبووەکان بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
- پارێزگای هەولێر ٣٠ تووشبوو.
- پارێزگای سلێمانی، ١٥٢ تووشبوو و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان کە بەم شێوەیەیە:
شاری سلێمانی، ١٠٧ تووشبوو و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان چوار تووشبوو.
ئیدارەی راپەڕین٤١ تووشبوو.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ١٠٨ هەزار و یەک پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستاندا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە کۆی ١٥ هەزار و ١٦٣ هاووڵاتیی کەرەنتینکراو، ١٤هەزار و ٢٩ هاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوون و دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ھەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان و لەئێستادا، هەزار و ١٣٤ هاووڵاتیی لە ٣٦ شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە کە ٢٢٨ لە هەولێر، نۆ لە سلێمانی و ٨٨٧ لە دهۆک.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٨ هاووڵاتیی کەرەنتینکراون.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دوو هەزار و ٦٥٥ تووشبوو، لەنێویاندا ٥٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەیە و هەزار و ١٠٤ نەخۆش چاکبووەتەوە، و لە ئێستادا هەزار و ٤٩٢ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و دانانی ماسک و دەستکێش، هەروەها لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.