14 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2020
دیالە ــ AA
لە ئاكامی هێرشێكی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ماڵێك لە گوندێكی باكووری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، دوو كەس كوژران و حەوتی دیكەیش برینداربوون.
لەوبارەیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی دیالە، ملازم یەك شەعلان كاملی لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردووەتە سەر ماڵێك لە گوندی دارا سەربە قەزای خانەقین باكووری پارێزگاکە.
شەعلان كاملی ئاماژەی بەوەیش دا كە لە ئاكامی هێرشەكەدا، دوو كەسی مەدەنی كوژران و سێ مەدەنی دیكە و چوار كارمەندی هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون.
ناوبراو باسی لەوەیش كرد كە دوای هێرشەكە، تیرۆریستانی داعش بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتن، دواتر هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتێكیان بە ئامانجی پاكسازیكردنی ناوچەكە لە تیرۆریستانی داعش ئەنجامداوە.
مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەكان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند كە بە سەدا ٥٠ی خاكی عێراق ھەژماردەكرا كە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ كۆنترۆڵی كردبوو.
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاندبوو.
وێڕای ئەوەی ھێزەكانی عێراق داعش-یان لە ناوچەكان شكست پێ هێناوە و شارەكانیان ئازادكردووە، بەڵام شانە نووستووەكانی رێكخراوەكە تاكو ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەكانیان بەتایبەت لە گوندەواری پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك، مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار.