Sarmand Hameed
04 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2022
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری رایگەیاند: "چارەسەری قەیرانی ئێستای عێراق گەڕانەوەیە بۆ رای خەڵک".
هۆشێار زێباری لەدوای پەیامەکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
زێباری کە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ سەرکۆماری عێراق و دواتر لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە مافی خۆکاندیدکردنی لێسەندرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە "داوای یاسایی بەدخوازانە بۆ راگرتنی پرۆژەی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ هۆکاری قەیرانی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی ئێستایە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە حزبەکەی لەگەڵ رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمانیان پێکهێنا، پشتیوانی خۆی بۆ داواکەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دووپات كردووهتهوه و رایگەیاندووه: "بەڕێز موقتەدا سەدر راست دەکات. چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ بنەماکان و دادپەروەریی تەواو و یاسا و رای گەل".
دوای ئەوەی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان کە لە رەوتی سەدر، هاوپەیمانی سەروەریی و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوو، نەیتوانی حکوومەتی زۆرینە پێکبهێنێت، ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای سهركردهی رەوتەکەیان، موقتەدا سەدر دەستیان لە ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەران کێشایەوە.