Sarmand Hameed
31 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2022
ههولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری وێڕای رەخنە گرتن لە دەسەڵاتی دادوەریی و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئاشكرایشی كرد لایەنە سیاسییە وەلائییەکان دەسەڵاتی دادوەریی وەک چەکێک لە دژی داکۆکیکارانی چاکسازیی و گۆڕانکاریی بەکاردەهێنن.
هۆشیار زێباری لە هەژماری تایبەتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر پەیامێکی لەبارەی دەسەڵاتی دادوەریی و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بڵاوکردەوە.
زێباری کە پێشتر بهربژێری حزبەکەی بوو بۆ سەرۆكایهتی کۆماری عێراق بەڵام بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی مافی کاندیدبوونی پێ نەدرا، نووسیوویەتی: "راستییەکی سادە سەبارەت بە قەیرانی دەستووری و سیاسی ئێستای عێراق، ئهوهیه كه دەسەڵاتی دادوەری و بڕیارە هەڕەمەکییەکانی دادگای فیدراڵیی بوونهتە هۆی پەکخستن و لادانی پرۆسەی سیاسی لە رێڕەوی خۆی".
ئەندامهكهی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنەی لە لایەنە سیاسییە وەلائییەکانیش گرتووە و ئەوانیشی بە بەرپرسیار لە پەکخستنی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە: "ههروهها لایەنە سیاسییە ولائییەکان کە کاریان دەکرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بگۆڕن بۆ چەکێک لە دژی داکۆکیکارەکانی چاکسازیی و گۆڕانکاریی".
لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوەکو ئێستا دوو دانیشتنی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان کە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار پێویستە ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەبن، نەتوانراوە ئەو پرۆسەیە بەڕێوەبچێت.