Zana Natık Kerem
26 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵێکی دزەکردنی ژمارەیەک تیرۆریستی داعشیان لە باشووری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق، پووچەڵکردەوە.
دەستەی راگەیاندنی حەشدی شەعبی بڵاوی کردەوە کە ژمارەیەک تیرۆریستی داعش، ھەوڵیانداوە دزە بکەنە باشووری قەزای شنگال، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا، تەقەیان لێکراوە و ھەڵاتوون.
دەستەی ناوبراو زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.