Zana Natık Kerem
31 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە لە یەکڕیزی، تەبایی و پێکەوەیی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی کوردستان لە پێناو تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت".
نێچیرڤان بارزانی لە ٤٠مین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ بەڕێز و شکۆوە، یادی ٤٠ ساڵەی ئەنفالکردن و بێسەروشوێنکردنی ھەشت ھەزار مێرمنداڵ، گەنج، پیاو، پیری بارزانی دەکەینەوە کە کۆتایی تەمووز تا ناوەڕاستی ئابی ١٩٨٣ لە کۆمەڵگە زۆرملێکاندا، بوونە قوربانی تاوانێکی دڕندانە و ھەڵمەتێکی رەشبگیریی دەسەڵاتی ئەوسای عێراق و ئیتر ھەرگیز نەگەڕانەوە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە: "بە ھەزاران خێزانی بارزانی بێ دەسەڵات لە کۆمەڵگەکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر، سۆران و چەند شوێنێکی دیکە، بێ باوک و برا و بە ھەزاران خانمی رووسووری بارزانی، بێ مێرد مانەوە و ناچار بوون بەتەنھا رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیاری سەخت ببنەوە و بەرگەی دەیان دەردەسەری و نەھامەتی بگرن و بمێننەوە".
لە بەشێکی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی-دا ھاتووە: "ئەوان بۆ منداڵەکانیان بوون بە باوک، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان و پەروەردەکردنیان، ئازار و سەختی و ناخۆشیی زۆریان کێشا، هەروەها بەرگەی نەبوونی، ھەژاری و بێکەسییان گرت و بە گیانێکی ئاڵنگارییانەی بەرزەوە، رووبەڕووی ژیان بوونەوە و لێھاتووانە نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزیان پەروەردە کرد، دەستی یەک بە یەکی ئەو دایکە میھرەبان و دڵسۆزانە ماچ دەکەم".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو: "ئەنفالکردنی بارزانییان وەک ھەموو ئەو تاوانانەی دەرھەق بە گەلی کوردستان کران، نەک ھەر ھێز و تینی گەلەکەمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و دیکتاتۆری خاو نەکردەوە، بەڵکو گیانی ئیرادەی سەرکەوتن و ئازادی، لای تەواوی گەلی کوردستان بەگوڕتر کردەوە و بە بڕوایەکی پتەوترەوە بەردەوامی بە تێکۆشان دا".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە: "ھەر لەم یادە و لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، جەخت لە یەکڕیزی، تەبایی و پێکەوەیی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی کوردستان دەکەینەوە کە تاکە رێگای سەفرازی و سەرکەوتنمانە".