Hawkar Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچرڤان بارزانی کاتژمێر حەوتی بەرەبەیان لەگەڵ کردنەوەی دەرگای وێستگەکانی دەنگدان و کەوتنە کاری ئامێرەکانی دەنگدان لە کەسە یەکەمینەکانی عێراق بوو کە دەنگی خۆی دا.
نێچیرڤان بارزانی لە بنکەیەکی تایبەتی دەنگدان لە هۆتێل رۆتانا لە هەولێر دەنگی دا کە تەرخان کراوە بۆ بەرپرسانی باڵای کوردستان، دوای بەشداریکردنیشی لە پرۆسەکەدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە بە خێروخۆشی بۆ هەموو عێراق بگەڕێتەوە، هیوادارم هەموو دەنگدەران ئەرکی خۆیان جێبەجی بکەن و هەموومان ئەمڕۆ لە سەرانسەری عێراق بچین بۆسەر سندوقی دەنگدان و ئەو مافەی کە هەمانە وەک پرۆسەیەکی دیموکراسیی جێبەجێی بکەین، بەهیوای ئەوەین ئەم هەڵبژاردنانە بەخێروخۆشی بۆ هەموو گەلی عیراق بگەڕێتەوە، هیواداریشین ئەوانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق لە هەموو لایەکەوە بتوانن داکۆکی بکەن لەسەر مافەکانی هەموو گەلی عێراق".
گوتیشی: "هیوادارین لەدوای ئەم هەڵبژاردنە هەموومان شاهیدی ئەوەبین بارودۆخی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی هەموو عێراق بەرەو باشتر بڕوات، خوازیارم هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووبێت لە هەموو روویەکەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەربارەی رەنگدانەوەی هەڵبژاردن لەسەر چارەسەری كێشەکان لە داهاتوودا رایگەیاند "ئەوەی من دەیخوازم ئەوەیە هەموو هێزە کوردستانییەکان هەموو پێکەوە یەکدەنگبین لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا، هەروەها ئێمە هیوادارین پەرلەمانی داهاتوو و حکوومەتی داهاتووی عێراق زۆر بەجددی هەوڵبدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو عێراقییەکان، ئێمە هەموو جارێک وتوومانە و جەخت دەکەینەوە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترە لەوەی کە هەیە و گەلی عێراق پێویستی بەوە هەیە بەجددی هەوڵبدرێت دۆخیان باشترببێت بەتایبەت لە رووی دارایی و هەلی کار و بۆ گەنجان، ئێمە هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە چاوی لەسەر رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، نەهێشتنی گەندەڵی و دروستکردنی دامەزراوەی دەوڵەتی عێراق بێت بە رێکوپیکی، هەرێمی کوردستان لە چوارچیوەی عێراق و دەستووری عیراقدا هەموو ئەو ئەرکانەی لەسەریەتی جێبەجێی دەکات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی بۆ دەنگدەرانی عێراق نارد بۆ بەشداری لە پرۆسەکە و رایگەیاند "خۆشحاڵم کە یەکەم کەسبووم دەنگمدا، پێموایە ئەوە مافێکی یاسایی هەرکەسێکە کە دەنگبدات، پەیامی من بۆ هەموو گەلی عێراق پەیامی ئاشتی و برایەتییە، هەموومان پێکەوە دەبێت هەوڵبدەین دۆخی عێراق بەرەو باشتر ببەین، هەموومان لە یەک کەشتیداین دەبێت هەوڵی جددی بدەین عێراق سەربکەوێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەربارەی هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردن بۆ یەکخستنی دەنگی کورد لە بەغدا گوتی: "بانگەشەی هەڵبژاردن تەواو بوو، ئەمڕۆ هەڵبژاردنە و هیوادارین لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە پرۆسەکە دەربازدەبێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە ئێمە دوای ئەم هەڵبژاردنانە وەک لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەموویان بانگێشت دەکەین و گفتوگۆیەکی جددی دەکەین لەسەر ئەوەی کە بتوانین بەچ شێوەیەک بەشداربین و لە حکوومەتی داهاتووی بەغدا بەشداربین هەموومان پێکەوە، هەنگاوەکە بەوجۆرە دەبێت کە هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بانگهێشت دەکەین بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین بەهیوای ئەوەی هەموومان پێکەوەبین لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی دەربارەی گێڕانەوەی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش بە یەکتر رایگەیاند "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەو متمانەیە درووست بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر سەیری رووداوەکانی عێراق بکەین بۆ نموونە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەم جارە لە عێراق بە ئاراستەی دژایەتی هەرێمی کوردستان نەبوو ئەمە خۆی بەڕای ئێمە گۆڕانکارییەکە و شتێکی باشە، من پێموایە بەشێوەیەکی گشتی هەر حکوومەتێک بێتە سەرکار لە بەغدا، ئەوەی کە پێویستە چاوی بخاتە سەر ئەوەیە کە چۆن بتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات بۆ هاووڵاتییانی هەموو عێراق، پێموایە خەڵک ماندوو بووە لەدەست ئەو هەموو شیعارە بێ ناوەڕۆکە، خەڵک دەیانەوێت بزانن بەجددی چی دەکرێت، خەڵکی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن هیوادارم ئەم حکوومەتە و ئەم پەرلەمانە جیاوازبێت و جەخت لەسەر ئەو لایەنە بکەین چۆن دەتوانین متمانە لەگەڵ هەموو گەلی عێراق دروست بکەین و چۆن دەتوانین ئەو شتانەی جێگای مەبەستی خەڵکە بۆیان جێبەجێ بکەین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چاوەڕوان دەکەن دوای ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەکوێ بگات، رایگەیاند "هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەستووریی لە چوارچێوەی عێراقدا هەیە، هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە هەموو ئەو کیشانەی کە ئێستا ماونەتەوە و هەن بە دیالۆگ لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەربکرێت، پێشتر هەرێمی کوردستان ئەم سیاسەتەی هەبووە و ئێستاش هەمان سیاسەتی هەیە، هەرێمی کوردستان دەزانێت هەم مافی هەیە هەم ئەرک لە چوارچێوەی حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا، لەو چوارچێوەیەدا هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو کێشانەی کە ماون چارەسەربکرێن، بەلای ئێمەوە جێگیری سیاسیی عێراق زۆر گرنگە پێشمان وایە بەچارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە دەتوانین بگەین بەو ئامانجە کە ئامانجێکە هەموو گەلی عێراق سوودی لێ دەبینێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەربارەی گەڕانەوەی هێزە کوردییەکان بۆ کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان و کردنەوەی بارەگاکانیان وەک ئەوەی لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کرانەوە گوتی: "خۆی ئەمە هەنگاوێکی دروستبوو، چونکە هەر کەس و حزبێک بەپێی یاسا مافی خۆیەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات، بەڵام خۆی بابەتەکە کردنەوەی بارەگای حزبێک نییە لە کەرکووک یان لە شوێنێکی دیکە، ئیمە ماددەیەکی دەستوورییمان هەیە کە لە دەستووردا نووسراوە ماددەی ١٤٠ە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا ئەو ماددەیە جێبەجێ بکات، بەجێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ هەم ئاسایش و ئارامی لەو ناوچانە زیاتر دەبێت هەم خەڵکیش زیاتر خۆشحاڵ دەبن کە ببینن کیشەکان چارەسەر کراوە".
نیچیرڤان بارزانی دەربارەی گرنگی ئامادەیی کورد لە بەغدا و رۆڵی کورد لە بەغدا رایگەیاند "بەڕای من زۆر گرنگە کورد یەکگرتووبێت و پێگەی بەهێزبێت لە عێراقدا، کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی لە عێراقدا دەژی لەبەرئەوە رۆڵی کورد لە بەغدا زۆر گرنگ بووە، دەمانەوێت ئەو رۆڵە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بێت دەمانەوێت رۆڵی خۆمان ببینین بۆ باشکردنەوەی هەموو عێراق، ئەوەی نوێنەرانی ئێمە لە بەغدا دەیکەن تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نابێت بەڵکو ئێمە هەوڵی جددی خۆمان لەلایەن هەموو لایەنەکان دەدەین بۆئەوەی دۆخی هەموو عێراق و گەلەکەی باشترببێت و لەو کێشانەی تێیدایە دەربێت"
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەش کە هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە وادەی خۆیدا دەکرێت، رایگەیاند "بەڵێ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت، بەڵام هێشتا ماوەیەک ماوە، هەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی کە بەپێی یاسا هەیە لە هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت".