نزار ئامێدی بووە بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق بەربژێر کرد.
Arbil
ھەولێر ــ AA
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق بەربژێر کرد.
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاروان گەزنەیی لە ھەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "فێسبووک" ڕایگەیاندووە کە یەکێتی بە شێوەیەکی فەرمی "نزار ئامێدی" بۆ پۆستی سەرکۆماری داھاتووی عێراق بەربژێر کردووە.
نزار ئامێدی لە ساڵی ٢٠٢٢دا وەزیری ژینگەی عێراق بوو و لە ئێستادا، لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە بەغدا.
ھەروەھا بەپێی ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، پارتی دیموکراتی کورستانیش فوئاد حوسێن-ی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق بەربژێر کردووە.
تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان، بەفەرمی ھیچ ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
فوئاد حوسێن لە کابینەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرت.
پێشتر سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە، دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار دادەخرێت.
ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کرایەوە.
ھاوکات دوای وردبینی، لیستی کۆتایی ناوی بەربژێران بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق بە فەرمی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، ڕادەگەیاندرێت.
دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسیی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراق دابەش بوون.
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ لایەنی شیعە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرکۆماریش پشکی کوردە.
