مەسرور بارزانی: "چاوەڕوانین حکوومەتی فیدڕاڵ مووچە و شایستە داراییەکان بنێرێت"
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی: "دەبێت کۆتایی بەو ھێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. ھیوادارین حکوومەتی فیدراڵ، ھاوکار بێت لە دۆزینەوەی ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان".

Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژە بە لێکتێگەیشتنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و ھیواش دەخوازێت کە ئیتر مووچە و شایستە داراییەکان تێکەڵ بە کێشە و ناکۆکییەکان نەکرێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە حکوومەتی فیدڕاڵ ھاوکار بێت لە دۆزینەوەی ئەوانەی ھێرشى دڕۆنی بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان ئەنجام دەدەن و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە کە، دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ھەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای ھەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیش، ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو ھەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاندووە کە پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگریی و پشوودرێژیی خەڵکی ھەرێم ھەیە، ھەروەھا سوپاسی ماندووبوونی ھەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە ھەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام ھاوکار و پاڵپشتمان بوون.
ھیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، چیتر تێکەڵی ھیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
مەسرور بارزانی تیشکی خستووەتەسەر بەردەوامیی ھێرشە دڕۆنییەکان و ڕایگەیاندووە: "دەبێت کۆتایی بەو ھێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. ھیوادارین حکوومەتی فیدراڵ، ھاوکار بێت لە دۆزینەوەی ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان".