مەسرور بارزانی فەرمانی کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەتی دا
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتی ناوخۆ: "ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دابخرێن و ھەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک".
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی فەرمانی دا بە وەزارەتی ناوخۆ کە ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دابخرێن و ھەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن و رایگەیاند "ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران".
دوای دوو رووداوی کوشتن لە سێ رۆژی رابردوودا کە چوار کەس بوونە قوربانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ داوام لە وەزارەتی ناوخۆ کرد، ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دابخرێن و ھەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە: "ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران، قاچاخچییان و ھەلپەرستان. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، چەکی بێ مۆڵەت رادەستی حکوومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت، دواتر بەپێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک رێک دەخرێتەوە".
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە "داوایش لە دادگاکان دەکەم، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاشیان دەکەمەوە کە بە ھەموو شێوەیەک، پاڵپشت و ھاوکاریان دەبین".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران تەقەی لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین، د. کاوان ئیسماعیل و مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین، د. ئیدریس حەمەخان کرد و بەھۆیەوە ھەردوو مامۆستاکە کوژران.
ئەمڕۆیش بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند لە رووداوێکی تەقەکردندا لە گەڕەکێکی شاری ھەولێر، دوو کەس کە ھاوسەربوون کوژراون.