Zana Natık Kerem
30 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە بەھیچ شێوەیەک تەوافوق لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیدا ناکات و گوتی: "ھیچ خێرێک لە حکوومەتی تەوافوقی و پشکپشکێنەدا نییە".
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی ئاراستەی چوارچێوەی ھەماھەنگی کردووە و نووسوویەتی "بەھیچ شێوەیەک تەوافوقتان لەگەڵ ناکەم، تەوافوق واتا کۆتایی ھاتنی وڵات".
راشیگەیاندووە "ئەوەی ئێوە ناوتان لێناوە چەقبەستوویی سیاسی باشترە لەوەی تەوافوقتان لەگەڵ بکەم و کێکەکەتان لەگەڵدا بەش بکەم، ھیچ خێرێک لە حکوومەتی تەوافوقی و پشکپشکێنەدا نییە".
سەرکردەی رەوتی سەدر ئەوەیشی نووسیووە "چۆن ئێوە لەگەڵ کوتلەکاندا تەوافوق دەکەن، لەکاتێدا دژبە ھەموو پێکھاتە و ئەو ھاوبەشانە قسە دەکەن کە ھەوڵدەدەن بیان کەن بە لایەنگرانی خۆتان".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەورەھا نووسیوویەتی "بەڵێن بە گەلی عێراق دەدەم کە نەگەڕێنەوە بۆ کارەساتەکانی رابردوو، نیشتمان خۆی ناچەمێنێت بۆ پاشگەرێتیی، داگیرکاریی، ئاساییکردنەوە، پشکپشکێنە و گەلیش بەھیچ شێوەیەک خۆی ناچەمێنێت".