Araz Husseyin
20 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2020
دهۆک - AA
رەحما حاجی کە کچێکی تەمەن شەش ساڵان بووە و خێزانەکەی دانیشتوی قەزای سێمێل سەربە پارێزگای دهۆکن، لە رووی تەندروستییەوە تا رادەیەک کێشەی گەشەکردنی ھەبووە و قاچەکانی کێشەیەکی تەندروستییان ھەبووە، خێزانەکەیشی بردوویانەتە نەخۆشخانەیەکی ناحکوومی بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ قاچی چەپی ئەنجام بدەن، بەڵام پزیشکی ئەنجامدەری نەشتەرگەرییەکە لە جیاتی قاچی چەپ، قاچی راستی نەشتەرگەری دەکات و بەگوتەی خێزانی رەحما بەو ھۆیەوە کچەکەیان گیانی لە دەستداوە.
باوکی رەحما، حاجی دینو ئەحمەد دەڵێت: "داوا دەکەم مافی کچەکەم بزر نەبێت و داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەم بێنە سەرخەت بۆ ئەوەی کەسی تر نەبێتە قوربانی ھەڵەی پزیشکان".
خاڵی رەحما، مێعب محەمەد عەبدوڵڵا چیرۆکی گیانلەدەستدانی رەحمای تەمەن شەش ساڵان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەگێرێتەوە و دەڵێت: "رەحما ھیچ کێشەیەکی تەندروستیی گەورەی نەبوو، تەنها کێشەکەی ئەوە بووە کە گەشەکردنی لەشی توزێک لاواز بووە و قاچەکانی توزێک چەماوە بوون، ئێمەش بردمانە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی بزانین کێشەکەی چییە، دوای پشکنین لەلایەن پزیشکەکانەوە پێمان گوترا کە قاچی چەپی پێویستی بە نەشتەرگەری ھەیە، ئێمەیش نەشتەرگەریەکەمان لە نەخۆشخانەیەکی ناحکوومی لە شاری دھۆک ئەنجام دا".
- "لە جیاتی قاچی چەپ، پزیشکەکە نەشتەرگەری بو قاچی راستی رەحما ئەنجام دا"
مێعب محەمەد عەبدوڵڵا باسی لە رۆژی نەشتەرگەریەکە کرد و گوتی: "دوای هەفتەیەک لە پشکنین و دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان لە رۆژی ١٤/٧ رەحما-مان بردە نەخۆشخانەیەکی ناحکوومی لە دھۆک بو ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت و لە کاتژمێر دووی نیوەڕۆ چووە ناو ھوڵی نەشتەرگەری و دوای ٤٥ خولەک لە ھوڵی نەشتەرگەری دەریانھێنا، ئێمەیش رەحمامان ھێنایە ژوورە تایبەتەکەی لە نەخۆشخانە و دڵخۆشبووین بە ھیوای ئەوەی کچەکەمان چاک دەبێتەوە و توانیمان نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدەین، بەڵام دوای ١٠ خولەک سەیرمان کرد لەجیاتی قاچی چەپی، پزیشکەکە نەشتەرگەری بۆ قاچی راستی ئەنجامداوە و ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین".
خاڵی رەحما گوتیشی: "پێش نەشتەرگەریەکە و بەپێی ھەموو پشکنینە پزیشکییەکان، پزیشکەکە بە ئێمەی گوتبوو قاچی چەپی ھیچ چارەسەرێکی نییە و دەبێت نەشتەرگەری بو ئەنجام بدەین، بەڵام قاچی راستی کێشەکەی زۆر گەورە نییە و بە دەرمان چارەسەر دەبێت، ئێمەیش بابەتەکەمان بەجددی وەرگرت و بڕیارمان دا لە نەخۆشخانە دەرنەچین ھەرچەند کارگێری نەخوشخانەکە دەیانویست بابەتەکە بەسووکی وەربگرن، ئێمە چاوەڕوانی پزیشکی ئەنجامدەری نەشتەرگەریەکەمان کرد و دوای ھاتنی دەستی کرد بە خۆدزینەوە لە بابەتەکە و گوتی: "لەناو نەشتەرگەریەکە ھەستمان پێ کرد کە قاچی راستی پێویستترە نەشتەرگەری بو ئەنجامبدەین".
ناوبراو گوتیشی: "ئەمە بۆ ئێمە بووە جێگای سەرسوڕمان و بە پزیشکەکەمان گوت کە، ئەمە ماوەی هەفتەیەکە ئێمە پشکنینی بۆ ئەنجام دەدەین، چۆن ئێوە تێبینی ئەوەتان نەکرد کە قاچی راستی پێویستی بە نەشتەرگەری ھەیە و لەناو نەشتەرگەریەکەدا بۆ چەند خولەکێک ئەو بڕیارەتان دا بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکەن".
- "پزیشکی ئەنجامدەری نەشتەرگەریەکە بە ئێمەی گوت من ئامادەم پارەی نەشتەرگەریەکەتان بۆ بگێڕمەوە و نەشتەرگەرییەکی تریش لەسەر ئەرکی خۆم بۆتان ئەنجام بدەم".
خاڵی رەحما درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: "دوای قسەکردن لەگەڵ پزیشکەکە ئێمە چووینە لای کارگێڕی نەخۆشخانە و قسەمان لەگەڵ ئەوان کرد کە پزیشکی ئەنجامدەری نەشتەرگەریەکەش لەوێ بوو، ئەوان دانپێدانیان کرد و بە ئێمەیان گوت کەموکوڕییەک ھەیە و ئێمە ئامادەیین بۆ ھەرشتێک ئێوە دوای بکەن و ھەر لەو کاتەدا پزیشکەکەش گوتی 'منیش ئامادەم بۆ ھەر شتێک کە ئێوە داوای بکەن و پارەی نەشتەرگەرەیەکەیش دەگەڕێنمەوە و نەشتەرگەرییەکی تریش لەسەر ئەرکی خۆم بو رەحما ئەنجام دەدەم".
- "لە کاتژمێر ١٢ی شەو رەوشی تەندروستیی رەحما تێکچوو و لە کاتژمێر چواری بەرەبەیان لە نەخۆشخانەی ھیڤی تایبەت بە منداڵان لە شاری دھۆک گیانی لە دەست دا ".
مێعب محەمەد عەبدوڵڵا باسی لە ساتی گیان لەدەستدانی رەحمای تەمەن شەش ساڵانی کرد و گوتی: "دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەرچووین و گەڕاینەوە ماڵەوە، رەوشی تەندروستیی رەحما باش بوو و نزیکەی چوار کاتژمێر خەوت، بەڵام لە کاتژمێر ١٢ شەو رەوشی تێکچوو و پەیوەندیمان بە پزیشکەکان کرد بە ئێمەیان گوت، بیھێننە نەخۆشخانەی سێمێل ئێمەش بردمانە ئەوێ، بەڵام دیار بوو کە رەوشی زۆر خراپ بوو، بۆیە ئەمبوڵانسمان ھێنا و رەحما گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ھیڤی تایبەت بە منداڵان و، پزیشکانی ئەوێ زۆر ھەوڵیاندا بۆ ئەوەی رزگاری بکەن، بەڵام رەوشی زۆر تێکچوو و لە کاتژمێر چواری بەرەبەیان گیانی لەدەست دا ".
خاڵی رەحما لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: "کاتێک ئێمە لە نەخۆشخانەی ھیڤی بووین پزیشکەکانی ئەوێ گوتیان رەنگە ئەو ھوڵەی کە نەشتەرگەریەکەی تیایدا ئەنجامدراوە خاوێن نەبێت و ڤایرۆسی تیایدا بێت، یانیش ئەو کەلوپەلە پزیشکیانەی کە نیشتەرگەری پێیان ئەنجامدراوە خاوێن نەبن، یانیش ئەو کەلوپەلە تایبەت نەبن بەمنداڵان و کەلوپەلی نەشتەرگەری گەورەکان بن".
باوکی رەحما، حاجی دینو ئەحمەد بە چاوی گریانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "داوا دەکەم مافی کچەکەم بزر نەبێت و داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەم بێنە سەرخەت بۆ ئەوەی کەسی تر نەبێتە قوربانی ھەڵەی پزیشکان".
ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی کرد کە تیاییدا نەشتەرگەری بۆ رەحمای تەمەن شەش ساڵ ئەنجمدرا و بەرێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکە، فەلاح عەبدوڵڵا قسەی کرد و گوتی: "لە رۆژی ١٤/٧ ئەو نەخۆشە سەردانی ئێمەی کردووە و ئێمە ھەموو رێکارەکانی رۆتینیمان بۆی ئەنجام دا و، لە کاتژمێر دووی نیوەڕۆ نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و دواتر چووەتە ژووری تایبەتی خۆی لە نەخۆشخانە و پزیشکەکان سەردانیان کردووە و ھەموو دەرمانەکانی پێویستیان بۆ نووسیووە و رێنمایەکانی دەرچوون لە نەخۆشخانەش بە خێزانەکەی گوتراوە و نەخۆشەکە نەخۆشخانەی ئێمەی جێھێشتووە بێ ئەوەی ھیچ کێشەیەکی ھەبێت کاتێکیش لە نەخۆشخانە دەرچووە رەوشی تەندروستیی باش بووە و ھیچ کێشەیەکی نەبووە" .
ئاژانسی ئانادۆڵو لە رێگای تەلەفونەوە پەیوەندی بەو پزیشکەوە کرد کە نەشتەرگەری بو رەحما ئەنجامداوە کە ناوی ھیشام ئەلقتان-ە و گوتی: "خێزانی ئەو کچە سەردانی منیان کردبوو و دوای ئەوەی چەندین پشکنینمان بۆی ئەنجام دا دەرکەوت کە ئەو کچە چەند کێشەیەکی تەندروستیی ھەبووە لەوانە؛ ناڕێکی بەڕێوەچوون و چەند کێشەی تری لە قاچەکانیدا ھەبوو، بەڵام قاچی چەپی زیاتر کێشەی تیادابوو، منیش بە خێزانەکەیم گوت کە لە قوناغی یەکەمدا نەشتەرگەری بۆ قاچی چەپی ئەنجام دەدەین و دواتر قاچی راستی چارەسەر دەکەین، بەڵام دوای ئەوەی کە چوومە ناو ھوڵی نەشتەرگەری دەرکەوت کە ھەردوو قاچی کێشەیان وەک یەک بووە و منیش پێم وابوو کە جیاوازی نییە کە لەئێستادا قاچی چەپ یان راست نەشتەرگەری بکەم چونکە ھەردووکیان شەلەلیان ھەبووە و کێشە لە زەڤڵەکەکاندا ھەبووە، منیش نەشتەرگەریم بۆ قاچی راستی ئەو کچە ئەنجام دا و، توزێک دواکەوتم کە بە خێزانەکەی بڵێم چونکە زۆر نەشتەرگەریم ھەبوون".
ھیشام ئەلقتان گوتیشی: "دوای ئەوەی کە نەشتەرگەریەکە تەواوبوو خێزانی ئەو کچە کچەکەیان بینی و ناڕەزایەتیان دەربڕی منیش پێیانم گوت کە ھەردوو قاچی پێویستی بە نەشتەرگەری هەبووە ئەوانیش گوتیان رەوشی دارایی ئێمە باش نییە و ناتوانین دوو نەشتەرگەری ئەنجامبدەین، بۆیە منیش بڕیارم دا کە نەشتەرگەری دووەم کەوا بڕیاربوو دوای هەفتەیەک ئەنجامی بدەین لەسەر ئەرکی خۆم ئەنجام بدەم".
ئاژانسی ئانادۆڵو ھەوڵی دا بۆچوونی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک لەسەر ئەم دۆسیەیە وەربگرێت، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون لەئێستادا قسە بکەن چونکە بەگوتەی ئەوان تەندروستیی دھۆک لیژنەیەکی لە شەش پزیشکی پسپۆڕ پێکھێناوە و لێکوڵینەوە دەکەن و، دوای دەرکەوتنی ئەنجامی لێکوڵینەوەکان ئەوان قسەی خۆیان دەکەن.