Araz Husseyin
22 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2020
دهۆک - AA
جێگری پارێزگاری دھۆک، ماجید سەید ساڵح رایگەیاند، رێگەپێدان بۆ ھاتوچۆکردن لە نێوان هەردوو پارێزگای دھۆک و پارێزگای ھەولێر بە رێگای ئۆنلاین دەبێت، و بۆ کاری پێویست ھاووڵاتییانی پارێزگای دھۆک دەتوانن سەردانی وڵاتی تورکیا بکەن بەپێی رێککاری تایبەت کە لە لایەن ئیدارەی دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیلەوە دیاری دەکرێن.
ماجید سەید ساڵح دوای کۆبوونەوەی ژووری ئوپەراسیونەکانی پارێزگای دھۆک بۆ بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە دوایین رێککارەکانی خۆپارێزی و ئاسانکارییەکانی بو ھاوڵاتییان کرد و گوتی: "لەبەر ئەوەی پارێزگای دھۆک لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا پێگیری زۆری بە رێککارەکانی خۆپارێزی و رێککارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، سوپاس بو خوا رەوشی پارێزگای دھۆک بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش باشە و ئێمە لەمەودوا زۆرتر ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان دەکەین، بەڵام دەبێت ھاووڵاتییانیش زۆرتر پێگیربن بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و لەمەودوا بەرپرسیارییەتی زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی ھاووڵاتییان".
جێگری پارێزگاری دھۆک گوتیشی: "ژووری ئۆپەراسیونەکانی پارێزگای دھۆک لەژێر رۆشنایی کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی دیکەی ھەرێم بڕیاریدا کە ھاتوچۆی نێوان پارێزگای دھۆک و ھەولێر رێگەپێدراو دەبێت و ھاووڵاتییان لە رێگای ئۆنلاینەوە داواکاری بۆ چوون بۆ پارێزگای ھەولێر پێشکەش بکەن کە سێ جۆر فۆڕم لە خۆدەگرێت کە جۆرێکیان فۆڕمێکی گشتییە و بۆ ھەموو ھاووڵاتییانە و فۆڕمێکیش بو ئەو کەسانەیە کە نەخۆشن و فۆڕمێکی دیکەش کە درێژخایەن دەبێت و تایبەتە بە فەرمانبەران و ئەو کەسانەی کە لە ھەولێرەوە دێنە نێو پارێزگای دھۆک و پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەبێت لە ماڵەوە کەرەنتین بکرێن و لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە تا ئەنجامی پشکنینەکانیان دەردەچێت".
ماجید سەید ساڵح لەبارەی ھاتوچۆ لە نێوان پارێزگای دھۆک و وڵاتی تورکیا گوتی: "ژووری ئۆپەراسیونەکانی پارێزگای دھۆک بڕیاریداوە کە ھاووڵاتییان بۆ کاری پێویست دەتوانن سەردانی وڵاتی تورکیا بکەن بەپێی رێنمایی تایبەت کە ئیدارەی دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل راسپێردراوە بۆ دیاریکردنی ئەم رێککارانە، و ئەو کەسانەی کە لە وڵاتی تورکیاوە دێنە نێو پارێزگای دھۆکیش ھەموو رێککارەکانی تەندروستی لە بەرامبەریان دەگرێنەبەر وپشکنینیان بو دەکرێت" .
جێگری پارێزگاری دهۆک لەبارەی ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگای دھۆک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق رایگەیاند "ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگای دھۆک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەهەمان رێککارەکانی پێشوو دەبێت چونکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق مەترسی ڤایروسی کۆرۆنا زۆرترە".
ماجید سەید ساڵح لە بارەی رێککارەکان بۆ جەژنی قوربان گوتی: "لەبەر ئەوەی ئەمساڵ حەج ئەنجام نادرێت ئێمە ناخوازین ئەو رێورەسمانەی جەژن کە لە ساڵانی رابردوودا لە نێون خەڵک ئەنجام دەدران ئەمساڵ ئەنجام بدرێن و تا ئێستا وا بڕیارە کە نوێژی جەژنیش ئەنجام نەدرێت".
لە سەرەتایی بڵاوبونەوەی ڤایروسی کۆرۆناوە تا ئێستا لە پارێزگای دھۆک ٣٦٨ کەس تووشی ڤایروسەکە بوون و ٢٩٣ لەو کەسانە چارەسەرکراون و بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا ٧٥ ھەڵگری ڤایروسەکە لە نەخۆشخانەکانی دھۆک لەژێر چاودێری پزیشکییدان.