Sarmand Hameed
15 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
ھەولێر - AA
پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکە و بڕگەی ١٤یەمی بەیانی ژمارە ٥٢ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە ئەمرۆ دووشەممەوە ھەر کەسێک دەمامک نەبەستێت، بەپێبژاردنی ٢٠ ھەزار دینار سزا دەدرێت.
پارێزگای ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردە و فەرمانی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو، ھەموو ئەو کەسانەی کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی نەبن بەتایبەتی نەبەستنی دەمامک، بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر و بڕگەی ١٤یەمی بەیانی ژمارە ٥٢ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە دووشەممەوە ھەر کەسێک دەمامک نەبەستێت، بەپێبژاردنی ٢٠ ھەزار دینار سزا دەدرێت.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای ھەولێردا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوە دراوە کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو زیادبوون دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر راسپاردە و فەرمانی پارێزگاری ھەولێر، پۆلیسی رێکاریی سەربازیی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر، بە ھەماھەنگی پۆلیسی شارەوانی و نەھێشتنی تاوان راسپێردراون لە سبەینێوە بڕیاری پێبژاردن جێبەجێبکەن.
پارێزگای ھەولێر داوای لە ھاوڵاتییانی شاری ھەولێر و سنووری پارێزگاکە کردووە کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی بن و دەمامک ببەستن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای ھەولێر گەیشتووەتە ٣٩ ھەزار و ٧٣٨ کەس کە ھەزار و ٧٦٤یان گیانیان لەدەستداوە و ٣٧ ھەزار و ٢١ تووشبووی ڤایرۆسەکە دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا ھەزار و ٧٦٤ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان.