16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2021
ههولێر - AA
نامیق مەحمود کە خەڵکی شاری هەڵەبجەیە و بە شێنەیی و لەسەرخۆ فڵچەکەی بەسەر کێلەکاندا دەنەخشێنێت لەسەر وشەی شەهید رەنگی فڵچەکەی دەگۆڕێ بە سوور و لەسەر رێکەوتی بۆمبارانکردنی هەڵەبجە رەنگی فڵچەکە دەکاتەوە بە ڕەش، ئەو ئەم کارە بۆ ئەوە ناکات کە تەنیا پارەی دەست بکەوێت، بەڵکو لێرە، لەم گۆڕستانە لە رێی فڵچەکەی دەستیەوە دەڕواتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨ و ئەو رۆژەی یەکەم ناپاڵم لە گەڕەکی جوولەکانی داوە، نامێق مەحمود خەڵکی ئەو گەڕەکەیە و لەو سەردەمەدا، ٢٢ ساڵی تەمەن بووە، تازە جەیش شەعبی تەواو کردووە و زانیارییەکی سەربازیی وەرگرتووە کە قەت بیری لەوە نەدەکردەوە ئەو زانیارییە هێندە گرنگ و بە کەڵک بێت، زانیارییەکی سادە کە توانی لە کات و ساتی خۆیدا بە کەڵکی بێت.
نامێق مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لە یەکەم ناپاڵم کە بەر گەڕەکی ئێمە کەوت، بە هیچ شێوەیەک دەنگی لێ نەهات، من گوێم لە فیسەی بوو، تەقینەوەیەکی ئاسایی نەبوو لەگەڵ بۆردومانکردن هەر خەڵک بوو، بەر دەبوونەوە و دەکەوتن، ئەو کات نەمدەزانی ژمارەی مردووەکانی سەرەتای بوردومانەکە چەند کەس بوون، بەڵام دواتر لامان روون بوو کە تەنیا لە گەڕەکی ئێمە ٥٠٠ کەس بوون بە قوربانی، ئێمە ئەزموونی چەکی کیمیاییمان نەبووە، هەر بۆیە خەڵک نەیدەزانی ئەم بۆنە چییە کە دێت، خەڵکەکە بەپەلە هەڵدەهاتن و خۆیان دەکرد بە ژێرزەمینەکاندا، منیش وەکو خەڵکی تر رۆیشتمە ژێرزەمینێک لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنی غاز و بۆنی سیر و سێو و کەوتن و هەڵسانەوە و گێژبوونی خەڵکەکەی دەورووبەرم، بیرم هاتەوە کە من زانیارییم لەسەر چۆنیەتی خۆپارێزی لە کیمیایی هەیە، ئەگەرچی ئەو کاتە زۆر بڕوام بەوە نەبوو کە ئەو زانیارییە بۆ ئەم حاڵەتە کار دەکات یان نە، بەڵام دواجار تۆ لەنێوان مەرگ و ژیان، هەوڵ ئەدەی هەموو وزەی خۆت کۆ بکەیتەوە کە رزگارت بێت، تەنانەت ئەگەر چڵە پووشێک تۆ ببەسێتەوە بە ژیانەوە دەستی پێوە دەگریت.
لە حەوشەی ئەو ماڵەی کە من تێیدا بووم پڕ بوو لە جل کە لەسەر تەنافێک هەڵخرابوون، یەکێک لە پەڕۆکانی سەر تەنافەکەم لێکردەوە و تەڕم کرد و لە دەمی خۆم ئاڵاند و ئامۆژگاری ئەوانیشم کرد کە بە شێوەی من و بە پەڕۆی تەڕ دەمی خۆیان هەڵپێکن. کاتێک گازی کیمیایی بەر پەڕۆی تەڕ دەکەوێت، تایبەتمەندی گازبوونی خۆی لە دەست دەدات و دەڵەمە دەبێت و ناتوانێت بە بۆڕی هەناسەی مرۆڤدا بڕواتە ناو سییەکان".
نامیق مەحمود گوتیشی: "بە باشی لە بیرمە ئەو کەسانەی کە من لە مردن رزگارمکردن، ژمارەیان ٢٥ کەس بوون، زۆر خۆشحاڵم کە ئێستا هەموویان لە ژیان ماون، من هەموو هەوڵەکەم ئەوە بوو کە خەڵکانی دەورووبەری خۆم رزگار بکەم، ئەگەرچی زۆر بە داخ بووم لەوەی کە خەڵک تەنانەت زانیاریەکی ئاوا کەمی نەبووە بۆ رزگارکردنی خۆی، ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە، ئەگەر خەڵک زانیاریان لەسەر خۆپارێزی لەسەر کیمیایی هەبوایە، ئایا ژمارەی قوربانییەکانی هەڵەبجە کەمتر نەدەبوو؟.
ئێمە لە رۆژی ١٧ی ئادار واتە رۆژێک دواتر خۆمان گەیاندە شاخی شنروێ، لەوێ سەربازەکانی ئێران کە ئەو کات هەر لە هەڵەبجە بوون، هاتنە سەرمان و ئەوانەی کە زۆر حاڵیان خراپ بوو لەڕێی کۆپتەرەوە دەگوازرانەوە بۆ کرماشان بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن، نە پاسدارەکان و نە پێشمەرگەکان کە ئەو کات لە دەورووبەری هەڵەبجە بوون، نەیاندەتوانی فریادڕەس بن، گەورەیی کارەساتەکە بە جۆرێک بوو کە هەموو کەسێک هەوڵی رزگارکردنی خۆی و ئەگەر شتێکت لە دەست بهاتایە بۆ دەورووبەرەکەت بیکەی، وەک دەڵێن دەبێت لە رەشەبا دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگری با نەیبات، ئەو رۆژەیش رەشەبا بوو، زریان بوو، دونیا ئاخر بوو".
نامیق مەحمود هەروەها گوتی: "ئەم کێلانە کە من دووساڵ جارێک دێم و تازەیان دەکەمەوە، کێلی ئەو خەڵکانەن کە ئەو رۆژە شەهیدبوون، ئەوانەی کە کەسوکاریان ماوە دێن و داوا لە من دەکەن کە گۆڕی ئازیزە شەهیدەکانیان نۆژەن بکەمەوە، لەڕاستیدا من هەوڵ دەدەم بە کەمترین پارە، واتە پارەیەکی رەمزی ئەم کارە بکەم، لێرە یەک شت جێی داخە، ئەویش ئەوەیە کە دەبوو حکوومەت داوا لە من و کەسانی وەک من بکات کە گۆڕی شەهیدانی هەڵەبجە نۆژەن بکەمەوە، بەڵام ئەوە من بۆ ماوەی سیی و سێ ساڵە یەک جار یەک کاربەدەستم نەبینی داوا لە من بکات کە گۆڕی ئەم شەهیدانە تازە بکەمەوە و ئەوەی هەیە تەنیا خزم و کەسوکاری ئەو شەهیدانەن کە خەمخۆری شەهیدەکانی خۆیانن".