Sarmand Hameed
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2021
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا بە پابەندکردنی حکوومەتی فیدڕالی عێراق بۆ تەواوکردنی رێوشوێنەکانی بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجە وەک ١٩ھەمین پارێزگای عێراق.
بە گوێرەی ئەو راگەیەنراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە لەسەر پێشنیازێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەک پشتیوانییەک بۆ ھەڵەبجە و رێزلێنان لە شەھیدان و کەسوکاریان، لەیادی کارەساتی ھەڵەبجەدا ئەنجوومەنی نوێنەران بەکۆی دەنگ بریاریدا لەسەر تەواوکردنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە راگەیاندنی بوونی ھەڵەبجە بە پارێزگا.
جێی ئاماژەیە، لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی پەسەند کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ پڕۆژە یاسای بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجەی شەھید لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پێشووی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی رادەستی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقی فیدرال، نوری مالکی کرا.
دوای ئەو ھەنگاوانە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە رێککەوتی ١٣ی ئاداری ٢٠١٤دا، بڕیاری بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی واژوو کرد.
لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، لە کۆتا رۆژەکانی جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا، رژێمی پێشووی عێراق شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی بۆردوومان کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسی دیکە برینداربوون.