Rewa Mahmood Hasan
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
هەڵەبجە - AA
ئەم منداڵانە لە مێشک و هزریاندا شتێک بە ناوی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە شکڵی گرتووە، ئەوان لەڕێی چیرۆکی خزم و کەسوکاریانەوە لەگەڵ چیرۆکەکانیدا دەژین، دیمەنی کیمیاباران ئەگەر بۆ ئەوان شتێکی نامۆ بێت، بەڵام پاشماوەکانی کارەساتەکە بۆ ئەوان نامۆ نییە، هەستی پێ دەکەن، دەستی لێ دەدەن و تەنانەت لە سەر فڕۆکە و تانەکەکان هەڵدەپەڕن، پاشماوەی ئەو سوپایەی کە سی و سێ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بە هەموو هێزی خۆیەوە ئەم شارەی بۆردومان کرد، لە منداڵ و گەورە و ئاژەڵەکانیش دەستی نەپاراست و هەمووی بە یەکجار قات و قڕ کرد، ئەم پاشماوانە کە ئیستا لە لایەن منداڵانی هەڵەبجەوە بووەتە گۆڕەپانی یاریی، رۆژێک نەک منداڵەکان بەڵکو ترسناکترین و تۆقێنەرترین رووداوی مێژوویان لەم شارەدا دروست کرد، ئەگەرچی ئەم منداڵانە ئەزموونی یەک رۆژ ژیانیان لەو سەردەمەدا نەکردووە، بەڵام بە هەڵپەڕین لە سەر ئەم پاشمانەوە دەیانەوێت بە ئێمەی بینەر بڵێن ''کە هیچ سوپایەک ئەگەریش زۆر بەهێزیش بێت و چەند هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤایەتی بدات، ناتوانێت بەرگەی رەوڕەوەی مێژوو بگرێت و دیکتاتۆری بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
ئەمانە هەموویان منداڵی نوێی هەڵەبجەن، ئەوان هیچ کامیان نازانن دەنگی شریخەی فڕۆکە و دەنگی هاوان ئەو کاتەی کە لە پەنات دەکەوێت چەندە سامناکە، ئەوان تەنیا دەزانن وەک ئاسنی کۆن دەنگی دێت، ئەم پاشماوانە چیتر بارووت و تیئێنتی تیدا نەماوە هەتا بە وزەوە ئەوان بکوژێت.
ئەم پاشماوانە لە بوردومانکردنی هەڵەبجەدا بەشدار نەبوون، بەڵام ئەو فڕۆکەیە لە کاتی نەمانی سەدام لەسەر داواکاری خەڵکی هەڵەبجە گوازراوەتەوە بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، لەسەر فڕۆکەکە جگە لە ئاڵای عێراق و حکومەتی پێشوو ناوی سەرۆکایەتی هەرێمی لەسەر نووسراوە، وەک ئەوەی پێمان بڵێن' ئەمە وەک دیارییەکە بۆ هەڵەبجە و منداڵەکانی تاوەکو لەسەر ئەم پاشماوانە رەمبازێنی خۆیان بکەن'.
ئەم پاشماوانە لە نێو مۆنۆمێنتەکە نرخی هونەری نییە، تەنیا و تەنیا لە حەوشەی ئەوێ راگیراوە، وەک ئەوەی رووخاون و پارچەپارچەبوونی ئەو سوپایە نیشانی خەڵک بدەن، تەنانەت لە کاتی یارییکردنی ئەو منداڵانەیش هیچ کام لەوانەی کارمەندانەی لەوێن ئامادە نین بە منداڵێکی هەڵەبجە بڵێن، دەستیان بۆ مەبەن، ئەو فڕۆکە، چیتر حوکمی فڕینی نەماوە، ئیتر تانکەکە ئاسنێکی شکاوە، وێنەگرتن بە جلی تازەوە لە پەنای فڕۆکە و تانکەکە تەنیا و تەنیا لە نێو ئەم مۆنۆمێنتە بوونی هەیە. سەردانیکردنی ئەو خەڵکە پێمان دەڵێ: 'رەوڕەوەی مێژوو رەحم بە هیچ دیکتاتۆرێک ناکات'.