Heman Hussein Yaseen
18 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2022
هەولێر - AA
بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، خێرخوازێک خۆراک و کاشی بەسەر سێ ھەزار و ٦٠٠ خێزانی کورتەباڵا، نابینا، بیرکۆڵ، نابیست، تالاسیما، ئۆتیزم، ھیمۆفیلیا و رێکخراوی ژین دابەش کرد.
لە رێوڕەسمێکدا لە بارەگای کۆمەڵەکانی کەمئەندامان، ھاوکاری خۆراک کە بریتیی بوو لە روون، برنج، فاسۆلیا، نیسک، نۆک و ئارد دابەش کرا، هەروەها بڕی ١٠٠ دۆلاری کاش درا بەھەر خێزانێک.
ھاوکارییەکە لەلایەن خێرخواز شێخ باز بەرزنجی پێشکەش بە کەمئەندامان کرا و وەک قۆناغی یەکەم سێ ھەزار و ٦٠٠ کەس ھاوکارییەکە وەردەگرن و لەو ژمارەیەش دوو ھەزار و ٦٠٠ کەس لەناو شاری ھەولێر و ھەزار کەسیش لە دەرەوەی شاری ھەولێرن.
شێخ باز بەرزنجی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گرووپە، کە ١٣ی ئادار بە بیانووی بوونی بنکەی ئیسرائیلی لە ماڵەکەیدا، لە لایەن ئێرانەوە بە ١٢ مووشەک کرایە ئامانج.
لە سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵایان، دڵشاد خۆشناو رایگەیاند کە ھاوکارییەکە وەک قۆناغی یەکەم لە پارێزگای ھەولێر دەست پێ دەکات و لە قۆناغەکانی دیکەدا، پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەوانەی خاوەنپێداویستی تایبەتن و باری داراییان خراپە، ئەوا لەو ھاوکارییە سوودمەند دەبن.
دڵشاد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بە بڕ و شێوازی دابەشکردنی ھاوکارییەکەی کرد و گوتی: "خێرخواز شێخ باز بەرزنجی ھەموو ساڵێک ھاوکاری کۆمەڵەکانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەمڕۆش بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز ھەڵساون بە دابەشکردنی سێ ھەزار و ٦٠٠ بەشە خۆراک بۆ شاری ھەولێر و دەورووبەری، ھاوکارییەکە هەروەها پارەی کاش لەخۆدەگرێت".
گوتیشی: "ھەرچەندە ژمارەی خاوەنپێداویستەکان زۆرە، بەڵام ئەوانەی لەم ھاوکارییە سوودمەند دەبن، ئەو کەسانەن کە باری داراییان خراپە و پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ژمارەی کەمئەندامانی تۆمارکراو لە ھەرێمی کوردستان بریتییە لە ٩٢ ھەزار کەس، ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٣ بەدواوە ھیچ کەمئەندامێکی نوێ تۆمار نەکراوە و ئەو ژمارەیەی کە ھەیە بەسەر ھەشت کۆمەڵەدا دابەشبوون و مانگانە بڕی ١٥٠ ھەزار دینار ھاوکاری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەردەگرن.