Zana Natık Kerem
10 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا، ١٠٠ تیرۆریستی داعش لە عێراق کوژراون.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامدراون، ١٠٠ تیرۆریست کوژراون و گوتی: "زۆربەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە میانی ئەمساڵدا کوژراون، ھەڵگریی رەگەزنامەی عێراقین".
باسی لەوەیش کردووە کە ساڵی ٢٠٢٣، ساڵێکی تایبەتە لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە و گوتی: "کوژرانی ئەو ١٠٠ تیرۆریستەی داعش، دەستکەوتێکی باشە بۆ ھیزە ئەمنییەکان".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی راشیگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی عێراق کە خۆیان تیایدا حەشارداوە لەناودەبرێن.