Rewa Mahmood Hasan
19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی کە رێژەیەکی بەرچاو لە دراوی تمەنی ئێرانی لە بازاڕەکانی شاری سلێمانیدا بڵاوبوویەوە و هاووڵاتیان تا رادهیهكی دیار دهستیان به کڕینی ئەو دراوە كرد، هەندێک لە بازرگانان و سەڕافەکانی شاری سلێمانی زیانێکی زۆریان لە مامەڵە کردن بەو دراوەوە کردووە.
لەئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی، ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە پێنج هەزار و ٩٠٠ دیناره، بۆیە هاووڵاتییان روویان کردووهتە کڕینی تمەن.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یەکێک لەوانەی کە مامەڵە بە دراوی ئێرانی تمەنەوە دەکات لە بازاری دۆلارەکەی شاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات لە پڕێکدا ژمارەیەکی زۆر تمەنی ئێرانی تازە چاپکراو هێنرایە بازاڕەکانەوە، ئهو پێی وایه بەهۆی ئەوەی دراوهكه ماوەی دوو هەفتەیەکە چاپکراوە، گومانی دروست کردووە کە لە سلێمانی چاپ کرابێت نەک لە ئێران چونکە بەو خێراییە ناگاتە هەرێم بهتایبهت لەکاتی داخستنی تەواوی سنوورەکاندا.
-''زۆرێک لە دراوی تمەن بەرێگەی قاچاخ دەهێنرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و ساغدەکرێنەوە''
یەکێک لەو کەسانەی لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی مامەڵە به تمەنەوە دەکات، توانای عەلی پۆلیس-ه، ئهو ئاماژە بەوە دەکات دراوی ٥٠ هەزار تمەنی ئێرانی کەپێی دەگوترێت تراول چەک-ی سوور، هەبووە هاتووهتە بازاڕەکەوە کاتی درووستکردنەکەی مۆری هەفتەیەک لەمەوبەری لەسەربووە، و دهپرسێت، بەکوێدا لەماوەی هەفتەیەکدا گەیشتە دەستی هاووڵاتی ئێران و لەوێوە گهیهنرایه هەرێمی کوردستان و لێرە لە بازاڕەکاندا ساغکرایەوە.
هاوكات سەڕاف لە بازاڕی شەوکەتی مەلا، لوقمان حەسەن ئاماژە بەوە دەکات دابەزینی نرخی تمهنی ئێرانی پەیوەندیی بە ئابووری ئێران و فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئەو وڵاتەوە هەیە، باس لهوهش دهكات ئێستا ئێران نەوتی بۆ نافرۆشرێت، دۆلاری بۆ ناگەڕێتەوە تاوەکو دۆلار دابەشبکات، هاوکات ئەو داهاتەی کە هەیەتی بەشی ئەوە ناکات کە دۆلار بفرۆشێتەوە و تمەنی پێڕباکێشێتەوە، بەردەوامیش تمەنی تازە چاپ دەکات بەشێوەی تراول چەک.
سەبارەت بە هۆکارێکی زۆربوونی دراوی تمەن لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا ئەو سەڕافە پێی وایە، زۆربەی ئەو دراوانەی لە هەرێمدا هەن بەڕێگەی قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر بە حەواڵە رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ بڕی کاشدا دوو هەزار تمەن جیاوازیی هەیە، لوقمان حەسەن گوتیشی:
"لە بانکەکان هاووڵاتیان لە ئێران بە نرخێکی هەرزان دەیکرن و دێن لە هەرێم بە نرخێکی گرانتر دەیفرۆشن، به مانایهكی دیكه هەر ١٠٠ دۆلارێک بە حەواڵە به دوو ملیۆن و ٥٦٠ هەزار تمەنە، بە کاش لە بازاڕەکاندا بە ٢ملیۆن و ٣٦٠ هەزار دینارە، واتە هەر دۆلارێک ٢ هەزار تمەن جیاوازی نرخ هەیە".
- "تائێستا هیچ کەس سوودی لە مامەڵەکردن بە تمەنەوە نەکردووە، زۆر لە بازرگانەکان زیانیان بهركهوتووه"
لوقمان پێی وایە تا ئێستا هیچ کەس سوودی لە مامەڵەکردن بە تمەنەوە نەکردووە، و دەڵێت: ''ئەوانەی کە بازرگانی راستەقینەی دراون کەمتر زیان دەکەن، چونکە لەشوێنێک دەیکڕن و لەشوێنێکی تر دەیفرۆشنەوە، ئەوەی کە زیان دەکەن ئەوانەن کە لە سلێمانی مامەڵەیەکی پێوە دەکەن کە بە 'کڕینی هەوایی' ناسراوە، واتە دەیکڕن و دایدەنێن بۆ قازانج،ئەمانە زۆرینەن کە زیانی لێ دەکەن''.
ئهو لهسهر قسهكانی بهردهوام بوو، گوتیشی: ''بۆیە ئەوەی کە کریوێتی زیانی بەرکەوتووە، ئێستاش لەبازاڕەکانی ئێمەدا چەند کەسێک مایەپوچ بوون، هۆکاری ئەوەش کە بەردەوام زیان دەکەن ئەوەیە کە بەردەوام نرخی تمەن لە دابەزیندایە، خەڵک ئەترسێت، ئهو تمهنهی كه ههیهتی ئەیفرۆشێتەوە چونکە پێی وایه ئەگەری هەیە تا ئاستی سهد دۆلار بۆ ٤ ملیۆن دابەزێت. بۆیە من قسەیەکم هەیە کە دهڵێم تمەن بیکڕی و بیفرۆشیت هەر زیانی لێدەکەیت".
لوقمان حەسەن بەدووری زانی کە هاووڵاتیانی ههرێم بەهۆی لابردنی تمەن و گۆڕینی به دراوێكی دیكه لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە زیان بکەن، و گوتی: "ئەوە تەنیا لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە ئەنجامدرا، وڵاتێکی وەک ئێران کە سیستەمی تێدایە، ناتوانێت بڕیارێکی لەو چەشنە بدات بەبێ گرتنە بەری رێکارەکان".
لەبەرامبەردا، سهڕافێكی دیكهی بازاڕی شەوکەتی مەلا، ئامانج عومەر، كه مامەڵە بە دراوەوە دەکات ئاماژە بەوە دەکات لەئێستادا دەنگۆ هەیە کۆماری ئیسلامی ئێران سفری سەر دراوەکەی لابدات، ئەمەش به واتای ئەوەی دراوەکەی دەگۆڕێت، بۆیە مەترسی رەتکردنەوەی ئەو دراوەی ئێستا لە بازاڕدایه لە جۆری تراول چەک و مامەڵەی پێوە دەکرێت، ههیه.