Rewa Mahmood Hasan
17 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2022
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ لە ھۆتێل گراند میلینیوم، کۆڕبەندی وەبەرھێنان و ئابووری بە بەشداری جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆڕبەندەکەدا جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی باسی لە رەوشی وەبەرھێنان کرد لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی و بەڵێنی دا کە ساڵی ٢٠٢٣ بکەنە ساڵی وەبەرھێنان لە ناوچەکەدا، لەکاتێکدا پێشتر رێگری کراوە لەبەرەپێشچوونی ئەو کەرتە.
- ساڵی ٢٠٢٣ دەکەینە ساڵی وەبەرھێنان
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "ئەو ڕێکارانەی لە سلێمانی گیراونەتەبەر، بۆ کۆتایی ھێنان بووە بەو فەوزایەی ھەبووە، لێرەش ناوەستین بەڵکو لە ھەموو شار و شارۆچکەکان بەردەوام دەبین".
لە کۆڕبەندی وەبەرھێنان و ئابووری سلێمانی جێگری سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەووە لەوەی بەھەموو توانایەکەوە کار دەکەن بۆ کۆتاییھێنان بە زیادەڕۆیی و دەستێوەردان لە بازاڕ و گوتی: "ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ھەر بەمە ناوەستین و لە داھاتووشدا چ لە سلێمانی و چ لە شار و شارۆچکەکانی دیکە بە ھەموو ھێزمانەووە بەردەوام دەبین لە شەڕی تەمبەڵی و بەرەنگاربوونەوەی ھەر کارێکی نایاسایی و ھیچ رێگایەکمان لەبەردەستدا نییە جگە لەبەدەستھێنانەوەی متمانەی جەماوەرەکەمان".
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "ئەوەی ئێستا دەستمان بۆی بردووە لە چاکسازی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، دوو ساڵ لەمەوبەر بووبا، ٢٠٠ کەس رووبەڕووم دەبوونەوە کە رەنگە ھەندێکیان لە حزبەکەی خۆم بووبن بەڵام ئێستا لەنێو حزبەکەشمدا پشتیوانیەکی زۆرم لێدەکرێت".
قوباد تاڵەبانی لەبارەی کورتھێنان لە سلێمانی گوتی: "کورتھێنان لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ھەیە بەڵام لە سلێمانی کورتھێنانێکی ئاشکرا ھەیە، ھاوکێشەیەک ھەبوو کە لە سەردەمی دوو ئیدارەیی زیاتر پەیڕەودەکرا کە ٥٧٪ی داھاتەکان دەچوو بۆ ئیدارەیەک و ٤٣٪یش دەچوو بۆ ئیدارەیەکی دیکە کە رەنگە بۆ ئەو سەردەمە گونجاو بووبێت، بەڵام بۆ ئێستا ناگونجێت، ئەگەر یەک حکوومەتین، دەبێت ئەو سیستمە ھەڵبووەشێنینەوە".
ھەروەھا لەوبارەوە زیاتر روونیکردەوە کە ھەندێک خەرجی ھەیە دەبێت حکوومەت بیگرێتە ئەستۆی خۆی، وەکو خەرجی سیادی کە مووچە بەشێکە لەو خەرجییە بۆیە ئێستا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی و ھەندێک ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی ئابووری لە گفتوگۆدان بۆئەوەی بتوانن میکانیزمی پێدانی مووچە رێکبخەنەوە کە لەگەڵ پێویستییەکانی ئەم سەردەمە بگونجێت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە زیاتر قسەیکرد و گوتی: "ئەولەوییەتی ئێمە کە بەداخەوە وایە ھێشتا بۆ مووچەیە، چونکە مووچە بارگرانییەکی یەکجار زۆری لەسەر حکوومەت دروستکردووە، کاتێک مووچە دابین کرا ئەو کات دەتوانین خەمی پڕۆژەکانی دیکەیش بخۆین، خەمی خزمەتگوزارییەکان و پێویستییەکانی دیکەی خەڵک بخۆین".
لەبارەی پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ، قوباد تاڵەبانی گوتی: "دەبێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران و تورکیا ھەبێت، بۆ ئەوەی لە سیاسەتی ئاو زەرەرمەند نەبین".