Zana Natık Kerem
03 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل رەخنەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گرت لەوەی کە تا ئێستا کۆمەڵکوژکریی ئێزدییەکانی بە جینۆساید نەناساندووە و رایگەیاند کە حکوومەتی عێراقیش تا ئێستا ھیچ ھەوڵێکی بۆ قەرەبووەکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەداوە.
مەحما خەلیل لە راگەیەنراوێکدا بۆ حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە برایگەیاند "وێرای ئەوەی شاری شنگال لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ کۆنترۆڵکرایەوە، بەڵام ھێشتا ئاسەواری وێرانکاری بە ٨٥ لەسەدای سەنتەری قەزاکە و دەورووبەری ماوە، هەروەها ھەشت ھەزار و ١٥٠ خانوو لە شنگال و دەورووبەری وێرانکراون و ھاتووە:
"بەھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال، ٤٥٠ ھەزار ئێزدی ئاوارەبوون".
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە ئاکامی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال لە ٢٠١٤دا، ھەزار و ٢٩٣ کەس کوژراون و شەش ھەزار و ٤١٧ی دیکەیش رفێنراون و تا ئێستا سێ ھەزار و ٥٣٠ ئێزدی لە دەستی داعش رزگاکراون.
مەحما خەلیل راشیگەیاندووە "ئەوەی مایەی نیگەرانییە وێرای ئەوەی ھەر یەک لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پەرلەمانی بەریتانیا، پەرلەمانی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەرمینیا، پەرلەمانی سکۆتلاند، پەرلەمانی ئوسترالیا، پەرلەمانی پورتوگال، پەرلەمانی بەلجیکا، پەرلەمانی ھۆڵەندا و پەرلەمانی فەڕەنسا، کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی بە جینۆساید نەناساندووە و گوتی:
"حکوومەتی عێراقیش تا ئێستا ھیچ ھەوڵێکی بۆ قەرەبووەکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەداوە".
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە کەشێکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال برەخسێنێت و ھەوڵەکانیشی بە جیددی بە ئامانجی گەڕان و دۆزینەوەی رفێنراوە ئێزدییەکان بخاتە گەڕ کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و گوتی:
"داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ھەوڵەکانی بۆ ریشەکێشکردنی شانە نووستووەکانی داعش کە لە دەورووبەری شنگال خۆیان حەشارداوە چڕ بکاتەوە، ھەروەھا کۆتایی بە بوونی گرووپە چەکدارییەکانی دەرەوەی یاسا و پەکەکە لە شنگال بھێنێت و یاسا لە شنگال بسەپێنێت، بەتایبەتیش بوونی پەکەکە لە شنگال بووەتە مایەی ناسەقامگیری و رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان".
مەحما خەلیل جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژووکراوە، رەوشی شنگال ئاسایی دەبێتەوە.