25 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2020
بەغدا - AA
سوپای عێراق رایگەیاند، چوار مووشەک لەناو بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک بەغدا کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون، کەوتەخوارەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێوارەی دۆێنی ھەینی چوار مووشەک لە جۆری کاتیوشا لەناو بنکەی سەربازیی بەسمایە باشووری رۆژھەڵاتی بەغدا کەوتەخوارەوە.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە لە ئاکامی هێرشە مووشەکییەکەدا تەنها زیانی ماددی بە سەربازگە کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەوەیشی خستووەتە روو کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان مووشەکەکان لەناوچەی داینییە سەربە پارێزگای سەڵاحەددین لەسنووری پارێزگای بەغدا ئاراستەکراون.