Zana Natık Kerem
22 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان پتەوکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات و دەستدرێژییەکانی سەر کەرتی غەززەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودیە لەھەموو بوارەکاندا تاوتوێ کراوە، بەتایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی پتەوکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات و کاراکردنی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی عێراق و سعوودیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیدارەکەدا، پێشھاتەکانی ناوچەکە و کاردانەوەکان لە ھەمبەر بەردەوامی دەستدرێژییەکانی سەر غەززە خراونەتە بەرباس و لەوبارەیەوە جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەوڵەکان لەسەر ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتی بەردەوام بن، بە ئامانجی وەستاندنی دەستدرێژییەکانی سەر غەززە، ھەروەھا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە کە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ڕێگریی کردن لەو کۆمەڵکوژییانەی کە زیاتر لە ١٠ مانگە دژبە گەلی فەڵەستین ئەنجام دەدرێن.