Arif Yusuf
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ داوای لە لایەنەكانی حكوومەت كرد سنوورێك بۆ كۆتاییهێنان بە رفاندنی چالاكوانان، رۆژنامەوانان و پارێزەران دابنێن و داواش دەكات ئەو كەسانە ئاشكرا بكرێن كە ئەو كارە ئەنجام دەدەن.
لە راگەیەندراوێكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤدا هاتووە: "داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەكەین كە فەرمان بە هێزە ئەمنییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی بكات رێوشوێنی پێویست بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە رفاندنی چالاكوانان، رۆژنامەوانان و پارێزەران بگرنەبەر".
هەر لە راگەیەندراوەكەدا داوا كراوە ئەو كەسانە ئاشكرا بكرێن كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا ژمارەیەك چالاكوان، رۆژنامەوانان و پارێزەرانیان رفاندووە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە هێزە ئەمنییەكان بەرپرسن لە بەدواداچوون و ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكان رفێندراون و، دەبێت ئەو كەسانەش كە لەو كارە تێوەگلاون دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا.
لەمیانی ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە سەرەتای مانگی رابردووە دژبە حكوومەت لە شاری بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری ئەنجام دەدرێن بەردەوامی هەیە، ژمارەیەك چالاكوان، رۆژنامەوان و پارێزەر رفێندراون كە تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی دوایین ئامار كە كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە قوربانی، گەیشتووەتە ٣٣٥ كوژراو و ١٥ هەزار بریندار كە لە نێویاندا كارمەندی ئەمنی هەن.
سەرەتای خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، دابینكردنی ھەلی كار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیان دەكرد، بەڵام دواتر بەھۆی بەكارھێنانی زەبر و زەنگ لەبەرامبەریان و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران بەو ھۆیەوە، ئاستی داواكانیان گۆڕی بۆ دەستلەكار كێشانەوەی حكوومەت.