1 23,Sarmand Hameed
26 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2021
بەغدا - AA
سەرچاوهیەکی پزیشکیی رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەرزبوویەوە بۆ ١٢ کوژراو و ١٥ بریندار.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگهی تەندروستیی دیالە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نەخۆشخانەکان پێشوازییان لە ١٥ بریندار و تەرمی ١٢ کوژراو کردووە کە بە هۆی هێرشەکەی داعش بۆ سەر گوندی رەشاد بوونە قوربانی".
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت راشیگەیاند، برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە.
پێشتر ئەفسەر لە پۆلیسی پارێزگای دیالە، شەعلان کاملی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو، ژمارەیەک چەکداری داعش بە کلاشینکۆف و نیشانهشكێن هێرشیان کردووەتە سەر گوندی رەشاد لە پارێزگای دیالە.
شەعلان کاملی راشیگەیاند، چەکدارانی داعش تەقەیان لە خەڵکی گوندەکە کردووە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا پێنج هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و ٢٠ی دیکە برینداربوون.
ناوبراو پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی ئەو هێرشەی داعشی کردبوو.
شەعلان کاملی ئاماژە بەوەشکرد کە داوی هێرشەکە چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەکانیش هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینان بۆ دۆزینەوەی هێرشبەرەکان دەست پێکردووە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە و دەسەڵاتدارانی عێراقیش هیچ راگەیەندراوێکیان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵ کردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەددین (باکوور) و پارێزگای دیالە (رۆژھەڵات)، کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.