Sarmand Hameed
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە عێراقەوە بۆ وڵاتی ھیندستان رادەگیرین.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "کۆمپانیای گشتی ھێڵی ئاسمانیی عێراق لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٤/٢٧ سەرجەم گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی بۆ وڵاتی ھیندستان تاوەکو کاتێکی نادیار راگرت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە بڕیاری ھەڵوەشانەوە و راگرتنی گەشتەکان بۆ وڵاتی ھیندستان لەسەر بنەمای رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیران/دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بووە کە بەھۆی مەترسیی دۆخی کۆرۆنا لەو وڵاتە و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ عێراق دەرکراوە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە کە ھێڵی ئاسمانیی عێراقی پابەندە بە سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە لایەنی باڵاوە دەردەچێت و لەکاتی دەرکردنی ھەر بڕیارێکی نوێ ئەوە لەپێگەی فەرمی وەزارەتی گواستنەوە و ھێڵی ئاسمانی عێراقی ھەموولایەک ئاگادار دەکەنەوە.