Zana Natık Kerem
21 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند كە بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، سەباح نوعمان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە كە هێزەكانی دژەتیرۆر بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش، بە تایبەتیش لەو ناوچانەی كە تیرۆریستانی داعش هەوڵدەدەن تیایاندا خۆیان حەشار بدەن و گوتی:
"گرنگە لە میانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانی دژبە تیرۆریستانی داعش، هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هێزە ئەمنییەكاندا، هەبێت".
سەباح نوعمان باسی لەوەشكرد كە بوونی هاوكاری هاوبەش بەپێی یاسا و ئاڵوگۆڕی زانیارییەكانی هەواڵگریی لەنێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق گرنگە، چونكە هەرچی هێزی ئەمنیی لە جیهاندا هەیە، بەو شێوەیە ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.