,Sarmand Hameed
20 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2020
بەغدا - AA
حکوومەتی عێراق سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لەسەرتاسەری وڵات بۆ ماوەی یەک هەفتە راگەیاند کە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانیش لەخۆی دەگرێت.
ئەم بڕیارەی حکوومەت وەک رێکارێکە بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
بەپێی راگەیەنراوێکی حکوومەتی عێراق کە دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوکراوەتەوە، پشووی رۆژانی جەژنی رەمەزان لە رۆژی یەکشەممەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەبێت لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی.
لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابردووەوە، حکوومەتی عێراق قەدەغەی هاتوچۆ تاوەکو ٢١ی نیسانی رابردوو جێبەجێ کرد.
بەپێی بەیاننامەکە، وەزیری تەندروستی و ژینگە، حەسەن محەمەد تەمیمی رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا ناچارمان دەکات کەرەنتین جێبەجێ بکەین.
حەسەن تەمیمی ئاماژەی بەوەشکردووە کە پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییە تەندروستییەکان دۆخە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەهێڵێتەوە.
تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سێ هەزار و ٦١١ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراوە کە لەو ژمارەیە ١٣١ حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە و دوو هەزار و ٣٦٦ نەخۆش دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی چاکبوونەتەوە.
حکوومەتی عێراق بۆ رێگرییکردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماکان و چەند شوێنێکی دیکە، ھەروەھا وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.