Sarmand Hameed
31 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2020
عێراق - AA
ئەمڕۆ هەینی، خۆپیشاندانی دژی حکوومەت لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێوەچوو.
دوای نوێژی هەینی، هەزاران عێراقیی روویان لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکان کرد کەماوەی نزیکەی چوار مانگە گردبوونەوه و خۆپیشاندانی ناڕەزایی تیایاندا بەڕێودەچێت.
خۆپیشاندەران لە بەغدا و شار و شارۆچکەکان لە پارێزگاکانی دیالە، بابل، کەربەلا، نەجەف، میسان، واست، دیوانییە، زیقار و بەسڕە گردبوونەوە.
لە بەغدا سەدان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی شارەکە گردبوونەوە.
خۆپیشاندەران دوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکرد پارێزگارییان لێبکەن لەبەرامبەر ئەو توندوتیژییەی کە حکوومەت لەدژیان ئەنجامی دەدات.
خۆپیشاندەران هوتافی "بەڵی بەڵێ بۆ عێراق.. نەخێر نەخێر بۆ حزبەکان"یان دەگوتەوە.
سابیر کەتری، یەکێک لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکان لە هەوڵدان بەبەکارهێنانی هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن لەرێگەی دەستبەسەرداگرتنی گۆڕەپانەکان و کوشتنی چالاکوانان".
کەتری گوتیشی: "خاوەن بڕیارەکان لە دەسەڵات درک بەوە ناکەن کە دوای چوار مانگ لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەردەوام کە هێز ناتوانێت کۆتایی بهێنێت بە راپەڕین، بەڵکو شۆڕشگێڕان سوورتر دەکات لەسەر داواکارییەکانیان".
ئەو چالاکوانە دوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیموکرات کرد فشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ وەستاندنی توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران، جهختی لهوهكردهوه تەنها دەرکردنی راگهیهنراو بەس نییە.
پێشتر ١٦ وڵاتی رۆژئاوا لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئیدانەی بەکارهێنانی هێزیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، کردبوو.
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم خۆپیشاندەرانی ناڕازیی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی-یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و بە گوتەی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون.