17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2020
بەغدا - AA
سەرچاوەیەکی پزیشکی رایگەیاند کە لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لە خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی بەغدا، ٣٠ی خۆپیشاندەر برینداربوون.
سەرچاوەکە کە لە فەرمانگەی تەندروستی رەسافە کاردەکات لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لەمیانی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی خەلانی ناوەڕاستی بەغدا، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویدابوو.
ئاماژەی بەوەیشکرد کە لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، ٣٠ی خۆپیشاندەر برینداربوون کە ژمارەیەکیان برینەکانیان سەختە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە لەمیانی خۆپیشاندانەکانی دژبە حکوومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکان، ناوە ناوە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا روودەدات.
هێزە ئەمنییەکان هەوڵدەدەن بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی پلاستیکی و راستەقینە بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا خۆپیشاندەران رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.