عێراق

"شیلان نۆرێنگەکەی خۆی فرۆشتووە و بەنیازبوو لە سلێمانی نۆرێنگە بکاتەوە"

کەسێکی نزیک لە شیلان نهێنییەکی ئەو خێزانە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرا دەکات کە دوێنێ لە بەغدا کوژران و دەڵێت، (خاڵی) کە دەکاتە باوکی شیلان، بەنیازبوون بگەرێنەوە بۆ سلێمانی و لێرە ژیان بەسەر ببەن.

Rewa Mahmood Hasan  | 16.09.2020 - نوێکردنەوە : 17.09.2020
"شیلان نۆرێنگەکەی خۆی فرۆشتووە و بەنیازبوو لە سلێمانی نۆرێنگە بکاتەوە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA

کەسێکی نزیک لە شیلان نهێنییەکی ئەو خێزانە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرا دەکات کە دوێنێ لە بەغدا کوژران و دەڵێت، (خاڵی) کە دەکاتە باوکی شیلان، بەنیازبوون بگەرێنەوە بۆ سلێمانی و لێرە ژیان بەسەر ببەن.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، چالاکوانێکی مەدەنی لەگەڵ باوک و دایکیدا لەنێو ماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی مەنسوور لە بەغدادی پایتەختی عێراق بە کوژراوی دەدۆزرێنەوە.

وەک کچە پورێکی شیلان باسی لێوە دەکات؛ ئێوارەی رۆژی ١٥ی ئەیلوول، تەلەفۆنێکیان لە بەغداوە بۆ دێت و پێیان رادەگەیەنن کە خاڵ، خاڵۆژنی لە حەمامەکەی ماڵی خۆیاندا بە چەقۆ کوژراون و شیلانیش کە پزیشکی دەرمانسازە لە هەمان ماڵدا بە خنکاوی دۆزراوەتەوە.

شیلان دارا رەئووف کە دانیشتووی شاری بەغدادبوو، لەدایک بووی ١٩٩١ بوو، ئەو لەگەڵ دایک و باوکیدا لە بەغدا دەژیان، شیلان دوای ئەوەی کە کۆلێژی دەرمانسازی تەواو دەکات، نۆرێنگەیەک لە شاری بەغدا دەکاتەوە، وەک ئاشنا بابان کچەپوری شیلان باسی لێوە دەکات، شیلان گەنجێکی خوێنگەرم بووەو ناوبەناو وەک کارێکی مرۆڤدۆستانە چارەسەری بریندارانی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری کردووە، بەڵام هەرگیز تێکەڵ بە سیاسەت نەبوون.

ئاشنا بابان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە خاڵی بەناوی دارا رەئوف لە ساڵی ١٩٥٠ەوە لە بەغدا دادەنیشێت وهەرلەوێش هاوسەرگیری دەکات و کچێکیان دەبێت بەناوی شیلان و دەڵێت، "خاڵم فەرمانبەری حکوومی بوو، دواتر خانەنشین بوو، خاڵۆژنم بەناوی عالیە مامۆستای زانکۆ بوو ئەویش خانەنشین بوو، لە وەزارەتی ئەوقاف کاری دەکرد، شیلانیش نۆرێنگەی هەبوو سەرقاڵی کاری دەرمانسازی بوو".

ئاشنا بابان باس لە ساتی وەرگرتنی هەواڵی کوژرانی کچەخاڵەکەی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەکات و دەڵێت " ئێوارەی رۆژی رابردوو پێیان راگەیاندنین کە خاڵم و خاڵۆژنم و کچەکەیان لە شوقەکەی خۆیاندا لە ناوچەی مەنسور بەکوژراوی دۆزراونەتەوە. ئەوا هەواڵانەی کە بەئێمە گەیشت ئەوە بوو کە خاڵم و خاڵۆژنم لە حەمامەکەدا بە چەقۆ کوژراون، کچە خاڵەکەم(شیلان) خنکێنراوە".

کچە خاڵەکەی شیلان باس لەوە دەکات کە کەسوکاری تریان هەیە لەبەغدا بەڵام زۆربەیان دوورن لە ماڵی خاڵیەوە و هەندێکیان لەدەرەوەی وڵات و ئەمان لە سلێمانیەوە هەواڵی کوژرانەکەیان پێراگەیاندوون.

ئاشنا بابان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان ئاگادار نین پێشتر هیچ جۆرە هەڕەشەیەک لەو خێزانە کرابێت یان نا، چونکە هیچ زانیاریەکیان نییە لەو بارەیەوە و سەبارەت بە بەشداریکردنی شیلان وەک چالاکوان لە خۆپیشاندانەکانی تەحریر، ئاشنا بابان دەڵێت، "شیلان گەنجێکی خوێنگەرم بوو، نۆرێنگەی هەبوو، رەنگە هاوکاری ئەو مرۆڤانەی کردبێت لەوێ کە برینداربوون، ئەمەش وەک بابەتێکی مرۆڤدۆستی، رەنگە ئەوە بووبێتە کێشە بۆ شیلان. خاڵیشم کابرایەکی نەتەوەیی بوو، ناوبەناو چاودێری دۆخی سیاسیی دەکرد. ئێمە جگە لەمە هیچ شتێکی تر شک نابەین، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیشیان نەبوو."

ئاشنا نهێنیەکی ژیانی شیلان و باوکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەدرکێنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە شیلان و خێزانەکەی بەنیازبوون لە نزیک کاتدا شاری بەغدا بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە سلێمانی دەڵێت،"شیلان وەک ئاگادار بووم نۆرێنگەکەی خۆی فرۆشتبوو لەبەغدا بەنیازبوو بێت لە سلێمانی نۆرێنگە بکاتەوە، باوکی شیلان کە دەکاتە خاڵم هەفتەی رابردوو بە تەلەفۆن پێی گووتین کە بەنیازن بەیەکجاری بێنەوە سلێمانی و لێرە نیشتەجێ ببن، ئێمە لە کاتێکدا بیرمان لە خۆشی ئەوە دەکردەوە ئەوان بێنەوە سلێمانی، ئەم کارەساتە هات بەسەریاندا".

سەبارەت بە کاتی هێنانەوەی تەرمەکانیان، ئاشنا بابان ئاماژە بەوە دەکات کە دوای رێککارە یاساییەکان لە پزیشکی دادوەری، بڕیارە سبەینێ تەرمەکان بهێنرێنەوە سلێمانی و لە مەراسیمێکدا لە گردی سەیوان هەرسێکیان بەیەکەوە لە تەنیشت یەکەوە بەخاک بسپێردرێن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın